ديدار – زاری كرمانجی:
بە شێوەیەكی زانستی وەرزش بە بنەمای سەرەكی دابەزاندنی كێشی دادەنرێت و ڕۆڵی گرنگی هەیە لە دروستكردنی لەشێكی ڕێك و تەندروست، هەر یارییەكی وەرزشی كاتێك لەگەڵ خەو و خۆراكی تەندروست و شێوازی ژیانێكی ڕێك تێكەڵ دەبێت، ئەنجامی درێژخایەن و تەندروستی لێ دەكەوێتەوە، بۆیە گرنگە وەرزش ببێتە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەی هەر مرۆڤێك، نەك تەنها وەك چارەسەرێكی كاتی، بەڵكو بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی وەرزش كلیلی سەركەوتنە لە پارێزگاری لە تەندروستی و كێشی گونجاو.
ئومێد شەیدا، لاوێكی دانیشتووی قەزای ڕواندزە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی كێشی جەستەم لە كێشی ئاسایی تێپەڕی كردوو و زیادبوو، بەردەوام هەستم بە دڵتەنگی و نائارامی دەكرد، بۆیە بڕیارم دا لە ڕێگای وەرزشەوە بە شێوەیەكی تەندروست بەرەو خەونەكانم هەنگاوم بنێم بە مەبەستی بنیادنانی ژیانێكی نوێ و لەشێكی بەهێز.
ئومێد، گوتی: هەنگاوی یەكەمم بە مەبەستی كەمكردنەوەی كێش، خەوی خۆم ڕێكخست بێگومان لە ماوەی پێشوو وەك پێویست نەبوو، بۆیە لە ماوەی ٢٤ كاتژمێر ٨ تا ٩ كاتژمێر دەخەوتم و دوای ئەوە سیستەمێكی خۆراكی زۆر كاریگەرم دانا و وازم لە هەموو خۆراكە ناتەندروست و زیانبەخشەكان هێنا و هیچ خواردنەوەیەكی گازی و شەكریم نەدەخوارد، هەرچەند لە سەرەتا قورس بوو بەڵام بڕیارم دابوو كە بەرگەی سەختییەكان بگرم بۆیە خۆشبەختانە ڕۆژانە بەرنامەی خۆراكیم لە چەند ژەمە خۆراكێكی دیاری كراو تێپەڕی نەدەكرد و سەرجەم خواردن و خواردنەوەم تەندروست بوون.
گوتیشی، كاتێك كە خەو و خۆراكم ڕێكخست ڕاستەوخۆ دەستم بە وەرزش كرد و یاری فیتنیسم هەڵبژارد، كە حەفتانە ٥ ڕۆژ ڕاهێنانم دەكرد و هیچ ڕۆژێك ماوەی ڕاهێنان كەمتر نەبوو لە ٢ كاتژمێر، و كاتی ڕاهێنان زیاتر چاوم لەسەر جۆری یارییەكانی كاردیۆ بوو و كێشی سووكم بە كاردەهێنا و زۆر خۆم هیلاك دەكرد، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كێشم كەمی دەكرد و تەندروستیم بەرەو باشتر دەڕۆیشت و هەستم بە دڵخۆشی دەكرد، بۆیە خۆشبەختانە توانیم دوای ٦ مانگ لە ڕاهێنانی بەردەوام، ٢٥ كیلۆ لە جەستەم كەم بكەم و لەشێكی وەرزشی ڕێك بنیادبنێم و هەست بە ئاسوودەیی بكەم.
ئەو یاریزانە لە كۆتاییدا دەڵێت: لە ئێستادا وەرزش بەشێكە لە ژیانم و بەڵێنم داوە بەردەوام بم، و سوپاسی پشتگیری خانەوادەی دەكات كە یارمەتیدەر و هاندەری بوون هەروەها سوپاسی ڕاهێنەرانی دەكات “كاپتن جەبار ڕەحمان و كاپتن ڕێبەند جەمیل” كە سەرپەرشتی چالاكی و بەرنامەی وەرزشییان كردووە.
































































