د. ئازا كامەران – زاری كرمانجی:
وەرزشی بایسیكڵسواری یەكێكە لە كۆنترین و بەناوبانگترین وەرزشەكان لە جیهاندا كە سەرنجی ملیۆنان كەسی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە، ئەم وەرزشە تەنها یارییەك نییە بۆ كات بەسەربردن، بەڵكو ئامرازێكی گرنگە بۆ گواستنەوە و ئەنجامدانی چالاكی جەستەیی.
لێخوڕینی بایسیكڵ یەكێكە لە گرنگترین ڕێگاكانی پاراستنی ژینگە و باشتربوونی تەندروستی مرۆڤ لە شارە مۆدێرنەكاندا.
بۆ شاری سۆران وەك یەكێك لە شارە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان، جێبەجێكردنی سیستەمێكی ڕێك لە ئامادەكردنی ڕێگای تایبەت لە هەندێ شوێنی دیاریكراو بۆ لێخوڕینی بایسیكڵ زۆر پێویستە.
بە دڵنیاییەوە لێخوڕینی بایسیكڵ سوودی زۆری هەیە لە ڕووی ژینگەییەوە یارمەتی پاراستنی ژینگە دەدات بە كەمكردنەوەی گازە خراپەكان، كاتێك لە جیاتی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل بایسیكڵ بەكاربێت ژینگە كەمتر پیس دەبێت بە گازە ژەهراوییەكان.
لێخوڕینی بایسیكڵ لە قەزاكانی شاری سۆراندا نەك تەنها پێداویستییەكی ژینگەییە، بەڵكو دەرفەتێكی زێڕینە بۆ گەشەسەندنی ئابووری و كۆمەڵایەتی و باشتر بوونی تەندروستی تاكەكانی بێگومان بە دانانی پلانێكی ڕێكوپێك، دەتوانرێت لە داهاتوو دەرەنجامە ئەرێنییەكان ببیندرێت.
چەند زانیارییەك سەبارەت بە بایسیكڵسواری:
بایسیكڵ وەك ئامێرێكی گواستنەوە لە سەدەی نۆزدەهەم داهێنرا، یەكەم بایسیكڵی دوو تایە لە ساڵی ١٨١٧ لەلایەن كارڵ ڤۆن درایسی ئەڵمانی دروستكرا، ئەم بایسیكڵە سەرەتا بە درایزین ناسرا و تەنها لە دارێكی درێژ و دوو تایە پێكهاتبوو، دواتر بەرەبەرە گەشەی كرد تا لە ساڵی ١٨٦٠ یەكەم نازناوی بایسیكڵی پێدرا لەلایەن میشۆی فەڕەنسی، لە كۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا، بایسیكڵ بوو بە ئامێرێكی گواستنەوەی بەربڵاو و وەرزشێكی خۆشەویست.
بۆیە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا یەكەم پێشبڕكێی فەرمی بایسیكڵسواری لە وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو، و جۆرەكانی بایسیكڵسواری بریتین لە بایسیكڵی سەر شەقام: ئەم جۆرە لەسەر ڕێگای قیرتاوكراو بەكاردەهێنرێت و پێویستی بە جۆری بایسیكڵی تایبەت و كێش سووك هەیە، بایسیكڵسواری شاخ: لە ناوچە شاخاوییەكان و سروشتدا ئەنجام دەدرێت و پێویستی بە بایسیكڵی بەهێز و تایەی تایبەت هەیە، بایسیكڵسواری كرۆس: تێكەڵەیەكە لە بایسیكڵسواری شەقام و شاخ و لە هەموو جۆرە زەوییەك ئەنجام دەدرێت.
بە دڵنیاییەوە بایسیكڵسواری كۆمەڵێك سوودی تەندروستی گرنگی هەیە، بەهێزكردنی ماسولكەكانی قاچ وباشتركردنی دڵ و سییەكان، كەمكردنەوەی كێش و چەوری لەش، باشتركردنی هاوسەنگی و جووڵە، كەمكردنەوەی سترێس و خەمۆكی لە گرنگترین سوودەكانی ئەم وەرزشەن، و توێژینەوەكان دەریانخستووە كە بایسیكڵسواری بەردەوام دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسی نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان، هەروەها یارمەتی باشتركردنی خەوتن و زیادكردنی جوڵە و وزەی ڕۆژانە دەدات.
بۆ بەكارهێنەرانی بایسیكڵ بە شێوەیەكی سەلامەت پێویستە كۆمەڵێك پێداویستی و ئامادەكاری هەبێت: كڵاوی پاراستن: گرنگترین پێداویستییە بۆ پاراستنی سەر لە كاتی ڕووداودا، جلی گونجاو: جلی تایبەت كە دەبێت كێش سووك و گونجاوبێت بۆ جەستە و پۆشین، پێڵاوی تایبەت:بۆ پاراستنی پێ، چاویلكەی پاراستن: بۆ پاراستنی چاو لە تۆز و تیشكی خۆر.
و گرنگترین كێبڕكێ نێودەوڵەتییەكانی بایسیكڵسواری بریتین لە: كێبڕكێی فەڕەنسا: گەورەترین و بەناوبانگترین پێشبڕكێی بایسیكڵسوارییە لە جیهان، و پێشبڕكێی گەورەی ئیتاڵیا كە سێیەم پێشبڕكێی گرنگە لە جیهاندا، و پێشبڕكێی گەورەی ئیسپانیا كە یەكێكە لە گرنگترین پێشبڕكێكان.
































































