” پزیشكێك ژینگەو سەوزایی سەرچاوەی تەندروستی مرۆڤە “
راپۆرت-زاری كرمانجی
هاووڵاتییانی دەڤەری سۆران خوازیارن بایەخی زیاتر بە سەوزایی و ژینگە بدرێت، پزیشكێكیش دەڵێت: هیوادارین چالاكوانانی ژینگەپارێزی ئیدارەی سۆران، لەگەڵ چاندنی دار و نەمام پارێزگاریشیان لێبكەن بۆ پێگەیشتنیان، هەروەك زیادكردنی سەوزایی و ژینگەی پاك سەرچاوەی تەندروستییە بۆ مرۆڤە.
د.مەقسود ئیسماعیل پزیشكی پسپۆر دانیشتووی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ئەگەر سەیر بكەی زۆربەی ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ژینگەپارێزی تەنها بیر لە چاندنی دارو درەخت دەكەنەوە، ڕاستە كارێكی گرینگە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە پارێزگاریش لەو دار و نەمامانە بكرێت بۆ ئەوەی زووتر گەشە بكەن و لەناو نەچن، هەروەك زیادكردنی سەوزایی ئەوشوێنەیە كە ژیان بەشێوەیەكی تەندروست لێی دەستەبەر دەكرێ، بۆ دابین كردنی ژینگەیەكی تەندروست بۆ خەڵك و كۆمەڵگە بەگشتی.
دەشڵێت: پێویستە بۆ دروست كردنی كارگەكان و كۆكردنەوەی پاشماوەكان و تەرخانكردنی شوێنی گونجاو بۆ مەڕوماڵات و ئاژەڵداری، شوێنی تایبەت و دوور لە ئاوایی تەرخان بكرێت، چونكە ئەگەر ئەو شوێنانە دوور نەخرێنەوە، تۆ تەنها بە دارچاندن و زیادكردنی سەوزایی ناتوانی كەشێكی ئارام و تەندروست فەراهەم بكەی، بەڵكوو دەبێت سەیری هەموو ئەو پێداویستیانە بكرێ كە بۆ ژیان پێویستن لە خاك لە ئاو لە هەوا كە دەبنە ژینگەیەكی پاك تەندروست، هەروەها سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەو پاشماوەی سەیرانگەو هۆتێل و مۆتێل بۆ كوێ دەچن، ئایا ناڕژێنە ناو ڕووبارو سەرچاوەكانی ئاو، بۆیە چاودێری ئەم شوێنانە زۆر گرینگە، ئەمانەش بەشێكە لە پاراستنی ژینگە یان ئەو هەموو بیرە ئیتیوازییە لە گەڕەك و كۆڵانان و شوێنەكان هەیە، ئایا ئەمانە زیان ناگەیەنن بە ئاوی پاك تێكەڵ بە پاشماوەی بیری ئاودەستەكان نابن، ئەگەر چالاكوانانی ژینگە هەواڵی چارەسەر كردنی ئەو جۆرە دیاردانە بدەن، ئەوە ڕێكخراوی تەندروست و سەركەوتوون.
لەلایەكی دیكەوە ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سۆران بڵاوی كردەوە، كۆمپانیایەكی تایبەت بە كاری ئاودانی و خزمەتكردنی دار و درەختی پارك و سەر شۆستەكان دەكات لە سنووری 22 شارەوانی دەورووبەر، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران، گرێبەستی ئەو كۆمپانیایە بۆ ماوەی سێ ساڵە، وەك بەشی پارك و باخچەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران.
داواش لە هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێت، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام بۆ كارەكانی كۆمپانیا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان، لە هەر شوێنێك كەمتەرخەمیان بینی لە رووی خزمەتكردنی دارو شۆستەكان و پارك و باخچەكان پەیوەندییان پێوە بكەن، بە مەبەستی بەدواداچوون و چارەسەركردنی كەم و كورتییەكان.
هیواخوازیش بوون بۆ پاراستنی سەوزایی و ژینگەی شار، هەموو لایەك هاوكاربن بە تایبەتی خاوەن ئاژەڵەكان، بەڕەلڵای ناو گەڕەك و سەر شەقامەكانیان نەكەن، چونكە لە زۆربەی شارەوانییەكان شوێنی دەست بەسەرداگرتنی ئاژەڵەكان كراوەتەوە، بۆ ئەوەی تووشی سزای ماددی و لێپرسینەوەی یاسایی نەبنەوە.
































































