زاری كرمانجی – سۆران :
دانیشتوانی گوندی دێڵزیانی سەر بە ناحیەی دیانا، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی گرفتی زۆریان بۆ دروست بووە و لە ڕێگەی زاری كرمانجی داوای پڕۆژە لە حكوومەت و لایەنی پەیوەندی دار دەكەن.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوو، لە سنووری ئیدارەی سەرەبەخۆی سۆران سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جیاوازەكان جێبەجێ كردووە، دیارترینیان پڕۆژەی رێگەوبان و قیڕ و كۆنكرێتی ڕێگە و شەقامەكان بووە، بەڵام لەهەندێ گوند و گەڕەك لەخزمەتگوزاری بێبەش كراون و داوا دەكەن حكوومەت ئاوڕیان لێ بداتەوە.
ئیسلام عیرفان هاووڵاتییەكی گوندی دێڵزیانە، بە زاری كرمانجی گووت:” 10 ساڵە دانیشتووی دێڵزیانم، تا ئێستا بێبەشین لە سەرجەم خزمەتگوزاریەكانی وەك ئاو، كارەبا و قیڕتاوكردنی ڕێگا، سەرجەم ئەو خزمەتگوزاریانەمان لەسەر ئەركی خۆمان هێناوە، پێویستە حكوومەت هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتانەمان بۆ بدات و لەو دۆخە نەخوازراوە ڕزگارمان بكات .
بە گووتەی ئەو هاووڵاتییە، چەندین جار سەردانی سەرۆك شارەوانی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانی كردووە بەڵام تا ئێستا هیچیان بۆ نەكراوە، دەشڵێت:” بەڵێنی قیڕتاوكردنی ڕێگە و ڕاكێشانی ئاو و كارەبایان پێداوین بە شێوەیەكی ئەندازەیی، هەرچەندە لە چواردەوری ئێمە پڕۆژە كراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەك لە گەڕەك و كۆڵانەكانی ئێمە جێبەجێ نەكراوە، بە تایبەت ڕێگاكەمان لە زستان و هاوینان گرفتی زۆری هەیە پێویستە حكوومەت بەدەم داواكاری ئێمەوە بێت و داواكاریەكانمان جێبەجێ بكات.
باوكی دیار هاووڵاتییەكی هەمان گوندە، بە زاری كرمانجی گووت:” لە گوندی دێڵزیان زۆر شوێن كاری قیڕتاوكردن و پڕۆژەی دیكەی لێ جێبەجێ كراوە، ئەوەی گرفتی زۆری بۆ دروستكردووین بەتایبەت خراپی رێگەوبان و پڕۆژەی ئاو و كارەبایە، بێسەروبەری گەڕەكی ئێمە سیمایەكی ناشرینیشی بەخشیوە، بەڵێنیشیان پێداوین كە ئەو پڕۆژانەمان بۆ جێبەجێ بكەن تا ئێستا هیچمان بۆ نەكراوە، داوا دەكەین لە ڕێگەی زاری كرمانجی هەرچی زووە وەك شوێنەكانی دیكە پڕۆژەمان بۆ جێبەجێ بكرێن”.
لای خۆیەوە، ڕەجەب زوبێر قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ئێمە لە قەزای ناوەندی سۆران بە تایبەت دوای هێنانە كایەی ئیدارەی سەرەبەخۆی سۆران لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی و تایبەتمەندیەكی زۆر بەو دەڤەرە دراوە، كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لەو سنوورە جێبەجێ كراون كە خواستی چەند ساڵەی دانیشتوانی ئیدارەی سۆران بووە، 90%ی گەڕەكەكانی سۆران پڕۆژەی خزمەتگوزاری و سەرەتاییەكانیان پێگەیشتووە .
قائیمامی قەزای ناوەندی سۆران، دەڵێت:” بەداخەوە ئەمساڵ حكوومەتی عێراق بەشێوەیەكی ئاشكرا دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەستاوەتەوە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی كردۆتە سەر جێبەجێ كردنی پڕۆژەی نوێ لە پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆكان و بە دیاری كراوی لە سۆران، بۆ ئەو گەڕەكەی دێڵزیان كە دانیشتوانی باسی گرفتەكانیان دەكەن، لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ دەكەین و هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكانیان دەدەین.
ڕەجەب زوبێر، گووتیشی:” جیا لە دێڵزیان لە گەڕەكەكانی ئیسقەڵا و چەند گەڕەك و كۆڵانێكی دیكە گرفتیان هەیە و نەتوانراوە پڕۆژەكان بكەونە واری جێبەجێكردن یا بەرەوپێش بچێت، بۆیە بەگشتی هەر شوێنێك پێویستی بە خزمەتگوزاری هەبێت، وەكو قائیمقامیەت و تەواوی فەرمانگەكانی دیكەی حكوومەت لە خزمەت هاووڵاتییان و دانیشتوانی سنوورەكەمانداین و هەوڵی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانیان دەدەین.
گوندی دێڵزیان دەكەوێتە سنووری ناحیەی دیانا و یەكێكە لە ناوچە گرنگ و ستراتیژییەكان، خاوەنی بەرفراوانترین دەشتە لە ناوچەكە، هەریەك لە باڵەخانەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران و زانكۆ و كۆلیژی تەكنیكی سۆران و چەند فەرمانگەیەكی دیكە لەو گوندەن و ڕۆژانە كار و باری هاووڵاتییان و قوتابییانی لێ ڕای دەكرێت”.
































































