ڕاپۆرت-زاری كرمانجی
نووسەر و چاودێرانی سیاسی دەڵێن: بەغدا جگەلەوەی پێشێلی دەستوور و یاساكانی كردووە، هێشتاش بیان و بە هەرێم دەگرێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە چاویان بەو پێشكەوتنانەی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت، سزاكەش لە رێگەی ڕاگرتنی مووچەی و قوتی خەڵكەوە جێبەجێ دەكەن.
لەمبارەیەوە هۆزان ئیسماعیل عارف، نووسەر و چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: سەرەڕایی ئەوەی هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە چوارچێوەی عێراقدا، كە پایەكانی لە رێگەی دەستوورەوە جێگیركراوە. كەچی لە نێوان ئەم هەرێم و عێراقەدا متمانە نییە.
دەشڵێت: عێراق دەیەوێت هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا قەتیس ببێت و هەموو ئەركێكی لەسەر شان بێت و هیچ مافێكیشی نەبێت، نە مافی دەستووری نە مافی یاسایی تەنانەت نە مافی هاووڵاتی بوونیش، لە بەرامبەردا هەرێم ویستویەتی و دەیەوێت تا لە چوارچێوەی عێراقداین و بەشێكین لە دەستوور و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و سیاسی عێراق، پێویستە مافەكانمان دەستەبەر بكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا: شتێكی ڕوونە ئەوەی متمانەی نەهێشتووە لەم نێونەندەدا، هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو بەغدایە كە جگە لەوەی پێشێلی دەستوور و یاساكانی كردووە، هێشتاش بیان و دەگرێت، لەسەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستان پێشكەوتووە و ئەوان دواكەوتوون و سزاكەش لە رێگەی ڕاگرتنی مووچەی خەڵكەوە جێبەجێ دەكات.
ئەو نووسەر و چاودێرە سیاسییە دەڵێت: بۆ نەهێشتن و بنبڕەكردنی ئەو دیاردەیە، دەبێت كار بكەین تا ئەم چەوتییەیان بۆ ڕاست بكەینەوە.
جەبار عەبدولڵا مهاجیر، چالاكوان بەزاری كرمانجی گووت: لە كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، كار لەسەر هەموو ئەو كارو پڕۆژەخزمەتگوزارییانە كراوە كە پەیوەستن بە گوزەرانی هاووڵاتییانی كوردستان، لە ڕێگای ڕاستەقینەی حوكمڕانی پیشانی هەموو لایەنەكانی دا كەچۆن ئیدارەدان و پێشكەوتنی كوردستان بەئیرادەی بەرز مسۆگەر دەبێت نەك ڕەخنەی بێ بنەما، ئەوەی لەماوەی ئەو چەند ساڵەی كابینەی نۆیەم ئەنجامدراوە لەمێژووی عێراق ڕوینەداوە سەرەڕای بەربەستەكانی بەردەم كابینەی نۆیەم وەكو ڤایرۆسی كۆڕۆناو بڕینی شایستەدارایەكانی هەرێم لەلایەن حكوومەتی عێراق و پاشماوەی شەڕی داعش و ڕێژەیەكی زۆری ئاوارەكانی سوریاو عێراق كەبارگرانیێكی گەورەیان دروستكرد بوو، كەچی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەهێز ماوەتەوە.
دەشڵێت: ئەو كارو پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وایكردووە، نەیران چاویان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنەیەت و هەمیشە بیانوو بدۆزنەوەو پێشێلی دەستوور و ئەو یاسایانە بكەن كە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی هەمیشە بە ئاشكرا هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاندووە، كەچی هەر ڕۆژەو بیانووییەك دەدۆزنەوە.
هادی باڵەیی نووسەرو چاودێری سیاسی، بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند: بەردەوامی پێشێلكردنی دەستووری عێراق و پابەندنەبوونی بە ڕێككەوتنەكان و كێشە دروست كردن و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، مەترسی ناسەقامگیری و دوبارە سەرهەڵدانەوەی گرژی زیاتر و دابشبوون لە نێو پێكهاتە سەرەكییەكان لە عێڕاق دروست دەكات، لەكاتێكدا مووچە منەت نییە و شایستەیەكی دەستووری و مرۆییەو بە دەستور و یاسا بۆ فەرمانبەران زامنكراوە، دواخستنی یان راگرتنی سزایەكی بەكۆمەڵە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
دەشڵێت: حەق وایە خەڵكی كوردستان بەگشتی ناڕەزایەتی بەرامبەر پێشێلكاریەكانی دەستوور دەرببڕێ و داوای چارەسەری ڕیشەیی و هەمیشەیی بۆ كێشەی مووچەو شایستەداراییەكانمان لە عێراق بكەین، هەروەها دەستەڵاتدارانی كورد لە بەغدا بە هەمانشێوە هەڵوێستی توندتریان هەبێت، بۆ ئەوەی چیتر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێشێل نەكرێن.


































































