هیڤی عومەر-سۆران:
پەروەردە ڕۆڵێكی هەرەگرنگی هەیە لە بنیادنانی تاك لە كۆمەڵگەدا، پەروەردە كردار و ڕەفتارە نەك قسە، پەروەردە تاچەند توانیویەتی تاكێكی دەرووندروست پەروەردە بكات. بەگوتەی مامۆستایان و شارەزایانی ئەو بوارە، پەروەردەیەكی دروست یەكسانە بە تاكێكی دەرووندروست.
مەڕوا قاسم، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، دەڵێت: دوو چەمكمان هەیە پەروەردە و دەرووندروست كە هەر یەك لەوانە مانا و مەبەستی تایبەتی خۆی هەیە، چەمكی پەروەردە، لەڕووی زمانەوانی، واتە بەخێوكردن یان پێگەیاندن یان گەشەپێدان، هەروەها بەواتای پێگەیاندن و گەشەپێدانی هێزی جەستەیی و ئەقڵی و ئەخلاقی تاك دێت، جۆن دیویی، دەڵێت: (پەروەردە ئامادەكردن بۆ ژیان نییە، بەڵكو پەروەردە ژیانە بێگومان پەروەردە فێركردنە، بەڵام پێویستە بژین و لەڕێگای ژیان فێربین).
ئەو مامۆستایە، ئاشكراشی كرد: دەرووندروست تاكێكە نە درۆ دەكات، نە فێڵ و دزی دەكات، باسی كەس بە خراپە ناكات و ئیرەی بە كەس نابات، مرۆڤێكە هەوڵی ئازاردانی كەسانی تر نادات و ڕێزی خۆی دەگرێت، چەند هۆكارێك هەن بۆ پەروەردەكردنی تاكێكی دەرووندروست، ئەوانیش، خــێــــزان كاتێك باس لە پەروەردە دەكەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دەستپێكی پڕۆسەكە كە خێزانە سەرەتای پەروەردەی منداڵ یان هەر تاكێك دەگەڕێتەوە بۆ خێزان، یەكەمین بەركەوتەی منداڵ لەگەڵ خێزانەكەیتی كەواتە سروشت و كەسایەتیەكەی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت و پێشكەش بە كۆمەڵگە دەكرێت، ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لە ژیانی منداڵ، ئەگەر لە دەرەوەی خێزانیش بێت دەتوانێت منداڵەكە بەخێوبكات، بەڵام ناتوانێت وەكو پێویست پەروەردەی بكات، كەواتە ئەبێ بگەڕێینەوە ئەو خاڵە جەوهەریەی كە دەبێت دایكان و باوكان شارەزای و هۆشیاریان هەبێت لە شێوازی پەروەردەكردنی گونجاو و سەردەمیانە بۆ پێگەیاندن و پەروەردەكردنی منداڵێكی دەرووندروست، ژینگەی قوتابخانە، كە بە ماڵی دووەمی قوتابی دادەنرێت گرنگی و ڕۆڵی خۆی هەیە لە پەروەردە و پێگەیاندنی تاكێكی كاریگەر و دەرووندروست، بەڵام بەداخەوە لە هەمان كاتدا كاریگەری خراپیش دروست دەكات لەسەر منداڵ ئەگەر بەشێوەیەكی ئاگایانە مامەڵە لەگەڵ ئەو قوتابییانە نەكرێت، چونكە قوتابخانە ناوەندێكی گشتییە و ئەو شوێنەیە كە منداڵ بۆ جاری یەكەم دوور لە خێزان و كەسە نزیكەكانی بۆی دەڕوات و پشت بەخۆی دەبەستێت، بۆیە قوتابی ئەبێ لەلایەن مامۆستاكانەوە ژینگەیەكی لەبار و پڕ ڕێز و خۆشەویستی و شكۆی بۆ بڕەخسێندرێت تاكو وەكو تاكێك هەست بەبوون و گرنگی خۆی بكات و لایەنی جەستەیی و ئەقلی و فیكری گەشەپێبدرێت.
هەمین شێرزاد، ڕێنمایكاری پەروەردەیی، بۆ زاری كرمانجی ڕوونیكردەوە: ڕۆڵی پەروەردە لە دروستكردنی تاكێكی دەرووندروستدا، كە سوودی بۆ خودی خۆی و كۆمەڵگەش هەبێت، بناغەی گەشەسەندنی هەموو كۆمەڵگەیەكە، دەگەڕێتەوە بۆ پێگەیاندنی تاكێكی تێگەیشتوو بۆ پەروەدەیەكی دروست، واتە ئێمە دەبێت منداڵەكانمان پەروەردە بكەین لەڕێگای پەروەردەیەكی دروست بۆ ئەوەی تاكێكی دەرووندروست ئاڕاستەی كۆمەڵگە بكەین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ یەكەم ژینگە كە منداڵ تێدا گەورە دەبێت و پەروەردە دەكرێت كە خێزانە، یەكەم قۆناغ و بناغەیە بۆ پەروەردەكردنی تاكێكی دەرووندروست لە كۆمەڵگەدا، گرنگە خێزان ئەو ڕۆڵە كاریگەرە بە گرنگەوە سەیر بكات و ڕێگای ڕاست و دروست بەكاربهێنێت، هەموومان دەزانین پەروەردەی ناتەندروست بریتییە لە پێگەیاندنی تاكێك لەڕێگای شەرم و ترسەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی كەسایەتییەكی لاواز، بۆیە دەتوانین تاكێكی دەرووندروست ئاراستەی كۆمەڵگە بكەین لەڕێگای پەروەردەیەكی دروستەوە، خێزان ڕێگە بدات منداڵ خاوەنی بیر و بۆچوونی خۆی بێت و ترسی نەبێت لە دەربڕیندا، ئەمە ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر لایەنی دەروونی تاك.
مامۆستا ئەژین غەفار، بۆ زاری كرمانجی ڕوونیكردەوە: ڕۆڵی پەروەردە لە دەرووندروستی تاك، هاوشێوەی تەندروستی، كواڵیتی و ڕەزامەندیی لە ژیان دەستەبەر دەكات، كەچی بەداخەوە، كۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستاش ئاشنا نییە هەتا بە چەمكی دەرووندروستی، وا دیارە دەرووندروستی، لە سەرەتاكانی تەمەن دەستپێدەكات، وەك چۆن هەتا كەسایەتی مرۆڤیش، ئەوەی ئاشكرایە، منداڵ هەر لە تەمەنی شەش ساڵی ڕەوانەی ماڵی دووەمی دەكرێت ئەویش قوتابخانەیە، بۆیە دەرووندروستی تاك بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی ناوەندەكانی پەروەردە، بەو پێیەی زۆرترین كات و وزە و مێشكیان تەرخان دەكرێت بۆ ئەو چالاكی و ژینگەی لە قوتابخانەوە وەردەگرێت، ناوەندەكانی پەروەردە دەتوانن ڕۆڵی تۆقێنەر یان پاڵپشتیكاریان هەبێت كە لە كۆتاییدا سەردەكێشێت بۆ تێكدانی دەروون و كەسایەتی تاك یاخود بەهێزكردنی، بۆ نموونە ئەو مامۆستایەی هەڵدەستێت بە گرتنەبەری شێوازەكانی ترساندن، سەرزەنشتكردن، شكاندنەوە، لێدانی جەستەیی، هاواركردن و قیژاندن بەسەر قوتابی، بەراوردكردنی تواناكانی قوتابییان بە دەنگی بەرز بە مەبەستی بێ هاندان یان بێ ڕێزیكردن، ڕەخنە گرتن لە قوتابی لە نێو پۆل، وا دەكات لە كۆتاییدا مرۆڤێكی بێ توانا، بێ بەهرە، شەرمین و ترسنۆك دروست ببێت، لە هەمان كاتدا پەروەردە دەتوانێت بە شێنەیی ڕۆڵی ڕووخێنەر یان بنیاتنەری هەبێت، دەتوانێت تاك بەهێز بكات و مرۆڤی مەزنیش دروست بكات، بۆ نموونە چەپڵە لێدان، بەخشینی دیاری لە هەمبەر كارێكی باش، سوپاسكردنی قوتابی و بەرزنرخاندنی توانا و باشییەكانی، لە كۆتاییدا، پێویستە ناوەندەكانی پەروەردە هەست بە هەستیاری ڕۆڵی خۆیان بكەن و بە ئەمانەتەوە سەیری بەرپرسیاریەتیەكەیان بكەن.


































































