
بەهۆی پرۆژە ستراتیژییەکانی كابینەی نۆیەم لە بواری كارەبادا هەزار و 840 مێگاوات کارەبا زیاد کراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە 500 هەزار هاوبەشی نوێی كارەبا زیاد بووە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بڵاوی كردەوە: “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی، هەنگاوی گرنگی نا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.”
ئاماژەی بەوەش داوە: “بەپێی پلانی کابینەکە زیاتر لە 30%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ئێستا کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە و 500 هەزار هاوبەشی نوێ زیاد بووە”.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، بەهۆی پرۆژە ستراتیژییەکانی كابینەی نۆیەم هەزارو 840 مێگاوات کارەبا زیاد کراوە و ژێرخانی کارەبا گەیەندراوەتە نزیکەی 8 هەزارو 200 مێگاوات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشكراشی كردووە: “بۆ دابەشکردنی کارەبا سێ هەزارو 503 پرۆژە جێبەجێ کراون و بەهۆی پرۆژەی ڕووناکییەوە تواندراوە دوو هەزار و 100 مۆلیدە بکوژێندرێنەوە”.
جەخت كراوە، تاکوو کۆتایی 2026 هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری و خواستی هاووڵاتییان بۆ ئەم پێداویستیە بەدی دەهێندرێت.
ماوەی چەند رۆژێكە پرۆژەی رووناكی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كەوتۆتە واری جێبەجێكردنەوە و لە چەند گەڕەكێكی قەزای ناوەندی كاری تێدا دەكرێت.































































