مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

درۆنێكی بۆمبڕێژكراوی حكومەتی دیمەشق، دوێنێ دووشەممە 11ـى ئابی 2025 خاڵێكی ئەمنی ئاسایشی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ی لە دەوروبەری شێخ مەقسوود كردە ئامانج و دوو ئەندامی ئاسایش بریندار بوون، هەسەدە ڕایدەگەیەنێت “ماوەی چەند ڕۆژێكە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی هێزەكانی سەر بە حكومەتی سووریا بەسەر گەڕەكە كوردییەكان و ئەو ناوچانەی كە هێزە كوردییەكانی تێدایە دەسووڕێنەوە.”
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە ڕاگەیێندراوێكیدا ئاماژەی بەوەكرد كە گرووپەكانی نزیك لە توركیا كە لەژێر چەتری حكومەتی دیمەشقدان، بەردەوامن لە پێشێلكاریی ئاگربەست لە ناوچەكانی دێرەزوور، دێر حافر، بەنداوی تشرین و تل تەمەر.
هەسەدە لە ڕاگەیێندراوەكەی دا سێ داواكاری ئاراستەی حكومەتی دیمەشق دەكات و دەڵێ “داوا لە حكومەتی دیمەشق و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا دەكەین، دەستبەجێ پێشێلكارییەكان ڕابگرن و پابەندی خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە بن.” دەشڵێت “ئێمە دەستی دیالۆگ و هاوكاری بۆ سووریایەكی ئارام و سەقامگیر درێژ دەكەین و لە هەمانكاتیش ئامادەین هەموو ڕێكارێكی پێویست بگرینەبەر بۆ بەرگریكردن لە ماف و ئاسایشی گەلەكەمان،”
هەسەدە بانگەواز لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات كە چاودێریی ئەم پێشێلكارییانە بكەن و كار بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕێزگرتن لە ڕێككەوتنە واژۆكراوەكان بكەن.


































































