
بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەمریکی (ئەلمۆنیتۆر)، ئێران کەمتر لە دوو مانگ دوای جەنگێکی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی پێکهێناوە، بە مەبەستی هەماهەنگیکردنی ستراتیژیی سەربازی و ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر ئاستی هێزە چەکدارەکانی.
ئەم دەستەیە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە پەسەند کراوە و بە سەرۆکایەتیی مەسعوود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێرانە، زۆرینەی لە سەرکردە باڵا سەربازییەکان پێکدێت، لەنێویاندا فەرماندەی سوپای پاسداران و سوپای ئاسایی ئێران ناسراو بە ئەرتەش.
بەپێی راپۆرتەکەی ئەو ماڵپەڕە ئەمریکییە، مۆدێلی ئەو ئەنجوومەنە نوێیە، لە ئەنجوومەنە کاتییەکەی جەنگی ئێران – عێراق وەرگیراوە و ئامانج لێی خێراکردنی بڕیاردان و چارەسەرکردنی ئەو خاڵە لاوازانەیە کە لە کاتی پێکدادانەکەی مانگی حوزەیراندا دەرکەوتن، کاتێک هێرشەکانی ئیسرائیل پاترییە مووشەکییەکانیان تێکشکاند و فەرماندە باڵاکانیان کوشت.
لەدرێژەی راپۆرتە ئەمریکییەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا ئێران دەڵێت ئەنجوومەنەکە بەرگریكارانەیە، بەڵام پێکهاتەکەی دەتوانێت ڕێگە بۆ کردەوەی خێرای تۆڵەسەندنەوە، یان پێشوەختە خۆش بکات.


































































