مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

حكومەتی دیمەشق هێزێكی زۆری سەربازیی ڕەوانەی نزیك گوندەوارەكانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب و ڕەققە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا كرد، كە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دایە و بەرپرسێكی باڵای سەربازیی دیمەشق ڕایدەگەیەنێت “هێرشی سەربازی تاكە بژاردەیە بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی سووریا.”
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە ، حكومەتی دیمەشق ڕۆژی یەكشەممە 10ـى ئابی 2025، هێزێكی زۆری سەربازیی بۆ ڕۆژهەڵاتی حەلەب و ڕەقە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا گواستووەتەوە، كە ئەو ناوچانە هاوسنوورن لەگەڵ ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات.
سەرچاوەكە دەشڵێت “دەرەنجامەكانی كۆنگرەكەی ڕۆژی هەینی شاری حەسەكە، ئاماژە نیە بۆ ئەوەی كە هەسەدە بەدوای چارەسەری سیاسییەوە بێت، بۆیە بژاردەی سەربازی تاكە ڕێگە دەبێت بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی سووریا.”


































































