
ڕێکخراوی سی پی تی لە راگەێندراوێكدا ئاشکرای كرد لە ماوە 1 مانگدا توركیا 18 جار لە هەرێمی كوردستان هێرشی كردۆتە سەر بنكەكانی پەكەكە، زیاتر ئاماژە بەوە دراوە هێرشەکانی تورکیا لە هەرێم بەڕێژەی 97% کەمی کردووە
لە ڕاپۆرتی مانگی تەمووزی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی هاتووە” لەگەڵ بەڕێوەچوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی چەکدانان و بەردەوامی دانوستانەکانی ئاشتی، بۆردوومانەکانی سوپای تورکیاش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. هێرشەکان لە مانگی تەمووزدا، بە ڕێژەی 97% بە بەراورد بە مانگی حوزەیران کەمیکردووە.”
بەڵام هێزەکانی سوپای تورکیا لە 29ی تەمووزدا، ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی نوێیان ڕاگەیاند و بەردەوامبوون لە چالاکییە سەربازییەکانیان ئەمەش بووە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ جوڵە و هاتووچۆی هاووڵاتییان و هەروەها زیانگەیاندن بە ڕەزوباخ و زەوی کشتوکاڵی گوندنشینان.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە نێوان 1ی تەمووز بۆ 31ی تەمووز، سوپای تورکیا 18 بۆردوومان و هێرشی ئاسمانی بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامداوە. زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بوون، لە نێویشیاندا یەکەمین هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکییایە بۆ سەر خاکی کوردستان لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە.

































































