مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

دوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق، كە خەڵكانێك بڕی 5 هەزار دینار لە بەشێك لە زیارەتكارانی ئەربەعینیە وەردەگرن، لەبەرامبەردا وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕاگەیاند “تەنیا 500 دینار لە زیارەتكاران وەردەگیرێت.”
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە 10ـى ئابی 2025، لە ڕوونكردنەوەیەكدا تەواوی ئەو زانیارییانەی ڕەتكردەوە كە باس لە وەرگرتنی پارەی گواستنەوە لە زیارەتكاران دەكەن و دەشڵێت “خزمەتگوزاری هاتووچۆ بێ بەرامبەر بۆ زیارەتكارانی ئەربەعینیە دابین كراوە و تەنیا پارەیەكی ڕەمزی كە 500 دینارە وەردەگیرێت.”
جەخت لەوەش دەكاتەوە تەواوی خزمەتگوزارییەكانی گواستنەوە لە لایەن دامودەزگاكانی وەزارەتەكەیانەوە پێشكەش بە سەردانكەرانی ئیمام حوسێن دەكرێن بە خۆڕایین.

































































