مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

كۆنگرێسمانێكی ئەمەریكی لە بەرامبەر پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق ڕاگەیاند “ئەوان ڕەكیان لێمانە، جا یان ئەوەتا شێت و گەمژەن، یانیش سەرۆك ترەمپ بە گەمژە دەزانن، كە پێیان وایە ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پێدانی پارە بۆیان .
جۆو وێڵسن، كۆنگرێسمانی ئەمەریكی ئەمڕۆ یەكشەممە 10ـى ئابی 2025، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی كردەوە “ئەگەر عێراق پێی وایە كە سەرۆك ترەمپ بەردەوام دەبێت لە پێدانی پارە، لە كاتێكدا ڕقیان لێمانە، ئەوا یان شێتن یان گەمژەن یان پێیان وایە سەرۆك ترەمپ گەمژەیە.”
قسەكانی جۆو وێڵسن دوای ڕاپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی ‘ئەلمۆنیتەر’ هات كە لە ڕۆژی 6ـى ئابی 2025، مەرجەكانی ڕەشنووسی بودجەی خەرجییە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ ساڵی 2026، بڵاو كردەوە، كە لە ڕەشنووسەكە دا گۆڕانكاریی لە پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراقدا كراوە.
ئەلمۆنیتەر ئاشكرای كردووە، لە ڕەشنووسی بودجەی خەرجییە سەربازییەكانی ئەمەریكادا هاتووە “پشتیوانی دارایی ئەمەریكا بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە 189.1 ملیۆن دۆلار بۆ 48.2 ملیۆن دۆلار كەم دەكرێتەوە.”


































































