بڕیارە 13ـی ئەم مانگە، ڕووفاتی 22 ئێزدی ڕادەستی خانەوادەکانیان بکرێنەوە، وەک زانراوە، زۆرینەی ڕووفاتەکان هی خەڵکی گوندی کۆجۆن کە ناوچەیەکی ئێزدی نشینی سەر بە شنگالن.
ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: چەندین جار داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە تەواوی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدەنەوە و قەرەبووی زیانلێکەوتووان و قوربانییەکانیش بکەنەوە، دەشڵێت: تا ئێستا 25 گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزدییەکان هەڵنەدراونەتەوە، ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق هەنگاوی ڕژدی لە پێناو هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان نەهاوێشتووە.
ڤیان دەخیل ئاماژە بەوە دەکات، لە سەرەتای جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەسەر دەستی داعش لە ساڵی 2014، تاکوو ئێستا، 39 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، بەڵام تەنیا 68 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و ڕووفاتی 274 کەس لەو قوربانییانە ڕادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، ڕووفاتی 500 قوربانیی دیکەش، لە دادپزیشکی بۆ توێکاری پزیشکی و وەرگرتنی DNA ماونەتەوە.
ئەمەل حوسێن، کەسوکاری قوربانییەکان به کوردستان24 رایگهیاندووه: خواستمان ئەوەبوو، حکوومەتی عێراق گۆڕی بەکۆمەڵی کەسوکاری ئێمەی هەڵدابایەوە و ڕۆژی جەژن بچووباینەتە سەر گۆڕی ئەوان .
نەعام خەلەف، کەسوکاری چەند قوربانییەکی دیکەی ئێزدییەکانە کە لەسەر دەستی داعش جینۆساید کران، رایگهیاندووه: هەر ڕۆژێک، کارەساتێک بەسەر ئێمەدا دێت، داوا دەکەین هەموو ئەو ئێزدییانە ڕزگار بکرێن کە تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و نێو کەسوکاریان، سەرباری ئەوەش، ئێمە هێشتا نەگەڕاوینەتەوە ناوچەکانی خۆمان و هەموومان پەرش و بڵاوبووینەتەوە.
دەڵێت: لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی پێشوو، ڕووفاتی دوو کوڕم، هاوسەرەکەم، دوو برازام بەمن بەخشرانەوە، لە کاروانی ئەمجارەشدا، ڕووفاتی برا ژنەکەم و برازاکانم و خەڵکی گوندەکەمانی تێدایە کە تەواویان خزم و ناسیاوی ئێمە بوون، ڕادەستمان دەکرێنەوە.































































