
پسپۆرانی كەشناسی پێشبینی دەكەن شەپۆلێکی گەرما لە رۆژانی داهاتوودا روو لە هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش دوا شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ دەبێت و دوای ئەو شەپۆلە کەشوهەوا فێنک دەبێت.
ئاراز جەبار پسپۆری بوار کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەمڕۆوە پلەکانی گەرما بە رێژەی ٢ پلە نزمدەبنەوە و بۆ سبەی بەهەمان رێژەی رۆژانی ڕابردوو بەرزدەبێتەوە.
ئەو پسپۆرە پێشبینی هیچ شەپۆلێکی زۆر بەهێزی گەرما ناکات بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەهەمان رێژەی گەرمی کە ئێستا هەیە گەرمای هاوینە لەناوچەکانمان بۆ رۆژانی داهاتوو بەردەوامی ئەبێت.
ئاراز جەبار ئەوەش دەخاتەڕوو،لە دوای شەممەوە بەتایبەت لەناوچە شاخاوی و نیمچە شاخاویەکان گۆرانکاری بنەرەتی بەسەر پلەی گەرمی کاتەکانی شەواندا دێت و سات بۆ سات هەست بەگۆرانکاری و فێنکبوونی کەشوهەوا دەکرێت .
هەروەها دەشڵێت “لە ١٦ و ١٧ی ئەم مانگەوە بەگشتی ئەچینە نێو قۆناخێکی نوێ کەئەویش نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمایە لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و کۆتای بەو شەپۆلە گەرمایە دێت کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر ناوچەکانمان جێگیربووە ، واتا لەو رێکەوتە بەدواوە بەشێوەیەکی ئاسایی گەرمای هاوینی ئەمساڵ کەمدەبێتەوە.
































































