ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دا لە “داگیرکردنی غەززە تێچووی زۆر و سەربازێکی زۆری لێدەکەوێتەوە”.
پەخشی گشتیی ئیسرائیل (کان) بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زۆرینەی پێویستی لە کابینەی ئەمنییدا هەیە بۆ دەرکردنی بڕیارنامەیەک بۆ “داگیرکردنی غەززە”.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، کابینەی ئەمنیی کۆببێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە غەززە بدات.
ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە، ئەرکی نەهێشتنی حەماس و گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی لە کەرتی دەستبەسەردا گیراون دەبێت تەواو بکرێت.
هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانەوە ڕایانگەیاندووە، ناتانیاهۆ بەنیازە بەردەوام بێت لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بگرێتەوە کە دانیشتووانی تێدایە کە پێدەچێت بارمتەکان تێیدا بن، وەک شاری غەززە و کەمپەکانی پەنابەران.
بەگوێرە ئاژانسی پەخشی گشتیی ئیسرائیل، ئیال زەمیر، دژایەتی بڕیارێکی لەو شێوەیە دەکات. لە میانی دیدارێکی سێ کاتژمێرییدا لەگەڵ ناتانیاهۆ ڕۆژی سێشەممە،5ـی ئابی 2025، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە وەک “پێخستنە ناو تەڵەوە” وایە.
هەروەها کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، زەمیر بەدیلەکانی خستووەتەڕوو، وەک گەمارۆدانی ناوچە تایبەتەکان.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت، سەرچاوە ئاگادارەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، زەمیر جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕەتیدەکاتەوە مانۆڕێکی زەمینی زیادە یان پلانێکی نوێی فراوانکردن لە غەززە ئەنجام بدات.
هەروەها ڕاپۆرتە میدیاییەکان باسیان لە ناکۆکی لەسەر داگیرکردنی تەواوی کەرتی گەمارۆدراو و وێرانکراوی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کردبوو، ئەمەش دوای شەڕێکی 22 مانگە.

































































