بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتى لە بەغدا رای گەیاند، رۆژی یەكشەمی هەفتەی داهاتوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی مانگی شەشەوە بڕیار دەدات.
شوان كەلاری بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند” بەغدا نیازی هەیە كێشەكان چارەسەر بكات، بەوەدا نیازەكەی دیارە كە مووچەی مانگی پێنجی نارد، نەیگوت ئەوە مووچەی مانگی هەشتە و ئەوەی پێشوو كۆتایی هات، بەڵكو لەگەڵ ناردنی رای گەیاند مووچەی مانگی پێنج، كەوایە دەیەوێت مووچەی مانگەكانی تریش بنێرێت.
كەلاری گووتیشی ” كۆبوونەوەكەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، زۆرباش بووە و بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەدا بوون كە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، بڕیار لەسەر مووچەی مانگی شەش بدەن.
لەبارەی چوونی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا گووتی ” ئەم بەیانییە حكوومەتی هەرێم شاندی ناردە بەغدا و تەنیا ئەوە ماوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە مووچە بدات، هەموو ئەگەرەكانیش بەو ئاراستەیەن، رۆژی یەكشەم مووچەی مانگی شەش بنێردرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، حكوومەتی عێراق گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم، تەنیا دەتوانن 130 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرهەم بێنن، ئەمڕۆش وەزیری نەوت ئەوەی راگەیاند كە 80 هەزار بەرمیل وەردەگرن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق لە سەردانێكیدا بۆ كەركووك رای گەیاند، لەگەڵ حكوومەتی هەرێم رێككەوتوون كە ئێستە 130 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهاتوو، 80 هەزاری ئەمڕۆ و سبەی وەردەگرن و لە رێگەی بۆڕیی جەیهانەوە هەناردەی دەكەن.
































































