زاری كرمانجی – سۆران
تا ئێستا سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران لە باڵەخانەی كرێدایەو وا بڕیارە بەر لەهاتنی ساڵی نوێ ببنە خاوەنی شوێنی تایبەت بە خۆیان، سەرۆكی ئەو زانكۆیەش دەڵێت ” ئەو پارەییەی ساڵانە لە كرێی باڵەخانەی سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران خەرج دەكرێت زۆرەو دەكرێت ئەو پارەیە ئەو باڵەخانەیە بكڕدرێت كەوا سەرۆكایەتی زانكۆ تێدایە .
د. شێروان شەریف قوڕتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران لە میانەی دیدارێكی تایبەتی زاری كرمانجی بەوردی باسی لە كۆمەڵێك پرسی پەیوەست بە زانكۆی سۆران و شێوازی خوێندن و رێژەی وەرگرتنی قوتابییان كرد “.
د. شێروان شەریف، گووتی ” لە ئێستادا لەناو كەمپی زانكۆ دەستكراوە بە دروستكردنی شوێنێك بۆ سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران لەناو كەمپی زانكۆ، بەرلەهاتنی ساڵی نوێ سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران دەچێتە ناو كەمپی زانكۆ، بەمەش ئێمە باشتر دەتوانین كارەكانی خۆمان ئەنجام بدەین و لە قوتابییان و مامۆستایانەوە نزیكتر بین و لەناو جەرگەی فەكاڵتی و بەشەكان بین.”
سەرۆكی زانكۆی سۆران باس لەوەشدەكات” ساڵانە پارەیەكی زۆر وەك كرێ بۆ زانكۆی سۆران خەرجدەكرێت بۆ كرێی باڵەخانەی سەرۆكایەتی زانكۆو بەشە ناوخۆییەكان، پارەكە یەكجار زۆرە دەكرا بە پارەی ئەو كرێیە ئەو باڵەخانەیە بكڕدرێت كەوا سەرۆكایەتی زانكۆی سۆرانی تێدایە، یان باڵەخانەیەكی تری پێ دروستكرابا، بۆیە بیرمان لەوەكردەوە كەوا سەرۆكایەتی زانكۆ شوێنێكی گونجاوی هەبێت و لە كرێش رزگاربین ، لە ئێستادا كارەكانی دروستكردنی سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران دەستی پێكردوەو بەر لەهاتنی ساڵی نوێ ئەو شوێنە تەواو دەبێت و دەچینە ناو كەمپی زانكۆ لە دێڵزیان.”
د. شێروان شەریف روونیشیكردەوە” ستافی ئەندازیاری تەواو خۆماڵین و گشتیان دەرچووی زانكۆی سۆرانن و بەكوالێتێكی زۆر بەزریش كارەكانی سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران بنیات نراوە، لە سنووری ئیدارەی سۆران شتێكی كەم وێنیە، كەوا بە تێچووێكی زۆر كەم لەسەر داهاتی خۆمان و بە هاوكاری چەند خێرخوازێك ئەنجام دەدرێت “.