بابەتی چوارەم: ئابووریی دیجیتاڵی: كاتێك تەكنەلۆژیا دەبێتە دەنگی خاك

كامەران ئیبراهیم شێروانی
سەرمایەی ڕاستەقینەی دەڤەری سۆران تەنها لەناو خاكەكەیدا نییە، بەڵكو لەو چیرۆكانەدایە كە هێشتا نەگێڕدراونەتەوە، لەو تامانەدایە كە هێشتا نەچێژراون، و لەو بەرهەمانەدایە كە لە پشت گەمارۆی جوگرافیاوە بەند كراون. ئێمە دەتوانین جوانترین براند بۆ هەنگوینی برادۆست دروست بكەین و باشترین كارگەی بچووك بۆ سركەی سێوی باڵەكایەتی دابمەزرێنین، بەڵام ئەگەر نەتوانین ئەم بەها و كوالێتییە بگەیەنینە دەرەوەی بازاڕە ناوخۆییەكان و بە كڕیارەكانی ئاشنا بكەین، هەموو هەوڵەكانمان وەك هاوارێك لە دۆڵێكی قووڵدا بێ وەڵام دەمێننەوە. لێرەدایە كە ئابووریی دیجیتاڵی دێتە ئاراوە، نەك وەك چارەسەرێكی لاوەكی، بەڵكو وەك تاكە پردی سەردەمی و ستراتیژی بۆ بەستنەوەی ڕەسەنایەتیی شاخەكان بە واقیعی شاشەكانەوە.
“بازاڕكردنی دیجیتاڵی” تەنها فرۆشتنی ئۆنلاین نییە، بەڵكو هونەری گۆڕینی “چیرۆك”ە بۆ “سەرمایە”. گەنجی ئەمڕۆ دەتوانێت بە مۆبایلەكەی ببێتە “دەرهێنەری چیرۆكی بەرهەمەكان”. گۆڕینی ڕەنجی جووتیارێك بۆ وێنەیەكی كاریگەر، گۆڕینی هاژەی تاڤگەیەك بۆ ڤیدیۆیەكی زیندوو، و نووسینی ناوەڕۆكێك كە باسی تایبەتمەندیی ئەو خاك و ئاووهەوایە دەكات، هەموو ئەمانە “بەهای زیادكراو” (Added Value) دەخەنە سەر بەرهەمەكە. بەهایەك كە لەسەر تەرازوو ناكێشرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بڕیار و هزری كڕیار هەیە.
كڕیاری مۆدێرن لە شارە گەورەكانی كوردستان و خوارووی عێراق بگرە لە دەرەوەی وڵات، تەنها بەدوای كاڵادا ناگەڕێت، بەڵكو بەدوای “ئەزموون” و “ڕەسەنایەتی”دا دەگەڕێت. كاتێك ئەو كڕیارە لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكانەوە تەواوی پرۆسەی بەرهەمهێنانەكە دەبینێت لە چاندنی تۆوەكەوە تا دەگاتە پاكێجكردنی ئەو كاتە متمانەیەكی قووڵ دروست دەبێت. ئەمە چیتر كێبڕكێی نرخ نییە لەگەڵ بەرهەمی هاوردە، بەڵكو كێبڕكێی كوالێتی و چیرۆكە، كە تێیدا بەرهەمی خۆماڵی هەمیشە براوەیە. ئەم مۆدێلە، پرۆسەی گۆڕینی “شوێنكەوتوو” (Follower)ە بۆ “كڕیاری وەفادار” (Loyal Customer).
ئەم شۆڕشە دیجیتاڵییە سیستەمی تەقلیدیی بازاڕ تێك دەشكێنێت. چیتر پێویست ناكات جووتیار بەرهەمەكەی بە نرخێكی كەم بداتە بازرگانی ناوەند، كە زۆرترین قازانج بۆ خۆی دەبات. بەڵكو لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆرمانەوە، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ لەنێوان بەرهەمهێنەر و بەكاربەردا دروست دەبێت. ئەمە تەنها فرۆشتن نییە، بەڵكو شۆڕشێكی بێدەنگە دژی سیستەمی بازاڕی تەقلیدی و گەڕاندنەوەی بەهای ڕاستەقینەیە بۆ ڕەنجی جووتیار. گەنجانیش لەم نێوەندەدا دەبنە بزوێنەری سەرەكی؛ وەك بەڕێوەبەری پەیج، وێنەگر، دیزاینەر، یان كارمەندی گەیاندن.
بەڵام، ئەم هەوڵە تاكەكەسییانە، هەرچەندە بەنرخیشن، ئەگەری پچڕان و لاوازبوونیان هەیە. بۆ ئەوەی ئەم جووڵەیە ببێتە ڕەوتێكی ئابووریی بەهێز و بەردەوام، پێویستی بە چەترێك هەیە كە هەموو داهێنانەكان لەژێر سێبەری خۆیدا كۆبكاتەوە. چۆن دەتوانین ئەم وزە پەرتەوازانە بكەینە هێزێكی ڕێكخراو؟ لە بابەتی داهاتوودا، تیشك دەخەینە سەر گرنگیی دامەزراندنی “ناوەندی داهێنانی گەنجان” وەك مەكۆیەك بۆ گۆڕینی ئەم بیرۆكانە بۆ پرۆژەی گەورە و كاریگەر.

































































