زاری كرمانجی – ئەندامێکی لیژنەی شارەوانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، بەھۆی تەواوبوونی وادەی پێشکەشکردنی مامەڵەیان ھێشتا ٥٠%ی هاووڵاتییان نەیانتوانیوە مامەڵەی خانووی زێدەڕۆ پێشکەش بکەن و دەشڵێت، یاساکە ھەموار دەکرێتەوە و داواکاری پێشکەش کراوە.
د. زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەکان، ڕاگەیاند: ”بەھۆی کەمیی ماوەی تۆمارکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بۆ تۆمارکردنی خانووی زێدەڕۆ ڕۆژی ٩ی ئەیلوول ئەو وادەیەی بۆ تۆمارکردنی مامەڵەی خانووەکان دیاری کرابوو کۆتایی ھات، بەو ھۆیەوە ٥٠%ی خاوەن خانووە زێدڕۆکان نەیانتوانیوە مامەڵەی خۆیان پێشکەش بە لیژنەکانی حکوومەت بکەن، بەداخەوە هاووڵاتییانی ئێمەیش لەو پرۆسانەدا بەشدار نابن تا نزیک دەبێتەوە لە کۆتاییی پڕۆسەکە، ئەوەیش ھۆکارێکی دیکەیە ڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتییان پێ ڕانەگەیشتن مامەڵە پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکەن.”
ئەندامەکەی لیژنەی شارەوانییەکان دەشڵێت: “ھەرسێ ئەنجومەنی پارێزگای ھەرێمی کوردستان داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی کاتی پێشکەشکردنی مامەڵەی خانووی زێدەڕۆ درێژ بکرێتەوە و دەرفەتی زیاتر بە هاووڵاتییان بدرێت، ئێمەیش داواکاریمان داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان.”
لەبارەی گۆڕانکارییەکانیشەوە د. زێدان برادۆستی ڕوونی کردەوە: “یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ھەموار دەکرێتەوە، ھەم وادەیەکی دیکە بۆ هاووڵاتییان دیاری دەکرێت، ھەم لە ڕووی نرخەوە گۆڕانکاری دەکرێت لە پرۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ، ئەمە پێشنیارە و ھەرکات بڕیار لەسەر ھەموارکردنەوەکە درا، ئەوکات کار دەکەین بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بڕگە و ماددانەی ئاماژەم پێ کرد.”