
سەرۆكی یەكێتیی ماموستایانی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی (وشە) ئاشكرای كردووە كە : رێكخراوی جیهانی پەروەردە بەناوی 32 ملیۆن مامۆستا، نامەیەكیان بۆ حكوومەتی عێراق ناردووە بۆ ئەوەی مافی مامۆستایانی كوردستان رەوانە بكەن و مووچەیان بدەن.
ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی ماموستایانی كوردستان، بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندووە” لەو ماوەیە بەشداریمان لە نزیكەی پێنج كۆنگرەی دەرەوەی وڵات كردووە، لە ھەموو كۆنگرەكان پەیامی مامۆستایانمان گەیاندووە و رێكخراوی (ئی ئای) ھەیە رێكخراوی ئەنتەرناشیۆنال كە رێكخراوی جیھانی پەروەردەیە، نوێنەرایەتیی 32 ملیۆن مامۆستا دەكات، نامەیەكی فەرمییان ئاراستەی حكوومەتی عێراق كراوە تا بە زووترین كات مووچەی مامۆستایان رەوانە بكرێت و تێكەڵی ململانێی سیاسی نەكرێت”.
ئەحمەد گەرمیانی لە لێدوانەكەی روونیكردۆتەوە” كۆمەڵێك رێكخراوی دۆستی یەكێتیی ماموستایانی رۆژھەڵات، باكوری سووریا، مامۆستایانی بەریتانیا، مامۆستایانی ئیتاڵیا و یەكێتیی مامۆستایانی ئەڵمانیا، ھەمووان نامەی پاڵپشتییان بۆ ئێمە ناردووە بۆ عێراق و پاڵپشتی لە مافی مامۆستایان دەكەن”.
دووپاتی لەوەیش كردۆتەوە ” حكوومەتی عێراق تا ئێستە بیركردنەوەی شۆڤێنیی مەركەزی و نادەستووری جێبەجێ دەكات، بۆیە كەموكورتی ھەیە و كەمتەرخەمە بەرانبەر مووچەخۆرانی كوردستان و ئەو پرسەی تێكەڵی پرسی سیاسی كردووە”.

































































