” نابێ مووچەی كرێكاران لە 450 هەزار دینار كمتر بێت”

بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە رۆژی 3/8/2025 دەرچووە و بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی نێردراوە، ئاماژە بەوە دراوە، لەسەر کۆنووسی لیژنەی کەمترین کرێی کرێکاری ناکارامە، لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران رەزامەندی لەسەر درا كرێی مانگانە و كرێی رۆژانەی كرێكاری ناكارامە.
بەپێی نووسراوەكە كەمترین كرێی مانگانەی كرێكاری ناكارامە نابێت لە 450 هەزار دینار كەمتر بێت، ئەو كرێكارانەشی كە رۆژانە كار دەكەن، نابێت كرێی رۆژانەیان لە 15 هەزار دینار كەمتر بێت.
کرێکاری ناکارامە ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە هیچ پسپۆڕی و بڕوانامەیەکیان نییە و یەکەم جاریانە کارێک دەکەن، ئەو کرێکارانە ناگرێتەوە کە شارەزایی و پسپۆڕیی تایبەت و کاری قورسی وەک بیناسازی و ئەوانی دیكە دەکەن.
پێشتر لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كەمترین مووچەی مانگانەی كرێكارانی ناكارامە لە 285 هەزار دینارەوە بۆ 350 هەزار دینار زیاد كرا و بەو پێیەش بێت ئێستا 100 هەزار دیناری دیكەیان بۆ زیاد كراوە.
































































