شیکردنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ ڕێڕەوی پەراوێزخستن و بچووکبوونەوە
ئیڤان جانێ كۆربیل*
*پرسی پاشەکشەی دیمۆگرافی و سیاسی:

داتا مێژووییەکان؛ ئاماژە بەوە دەکەن، کە گەلی ئاشووری (کەلدان سریان) لە دامەزراندنی عێراقی نوێدا ساڵی 1921 ەوە، دابەزینێکی بەرچاوی دیمۆگرافییان بەخۆوە بینیوە. ژمارەیان لە یهك ملیۆن و نیو بۆ ژمارەیەکی نادیار دابەزیوە. ئەم دابەزینە پرسیاری بنەڕەتی سەبارەت بە سروشتی ئەو فاکتەرانەی بەرپرسن لەم دیاردەیە دروست دەکات، کە ئایا سیاسەتی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە، یان ئەدای نوخبەی سیاسی نەتەوەییە، یاخود شکستی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناوخۆیی.
*چوارچێوەی تیۆری: دیالێکتیکی گەندەڵی سیاسی نێوان فەرمانڕەوا و سزادراوان:
تیۆری “بازنەی دەسەڵاتداری Authoritarian Cycle” ئاماژە بەوە دەکات، کە خراپبوونی بەردەوامی بارودۆخی کەمینەکان، بەزۆری لە کارلێکێکی سێ ڕەهەندیەوە سەرچاوە دەگرێت:
1-سیاسەتی دوورخستنەوەی سیستماتیک Systemic Exclusion لەلایەن حکوومەتە ناوەندییەکان.
2-گەندەڵی نوخبەی ناوخۆیی Elite Corruption و پیلانگێڕییان.
3-کلتووری بێدەنگی کۆمەڵگا Culture of Silence.
“جگە لە چوارچێوەی مێژووی پەرتەوازە نەبێت، كتێبهكانی عێراق ئاماژهیان به ئاشوورییەکان نەکردووە”
بۆیە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی “پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئاشووری” (2023)، ٪68 ئاشوورییەکان لە عێراق پێیان وایە “پەراوێزخستن” لەلایەن حکوومەت و نوخبەی خۆجێییەوە، هۆکاری سەرەکین بۆ خراپتربوونی دۆخەکەیان.
*شیکردنەوەی واقیعی سیاسی: میکانیزمەکانی کۆنتڕۆڵ و هەڵوەشاندنەوەی شوناس:
ڕاستییەکان، چەند میکانیزمێک دەخەنەڕوو، کە ئاشووری (کەلدان، سریان) پەراوێزخراون، لەمانه:
یەک: بە ئایدیۆلۆژیاکردنی مێژوو:
-پەسەندکردنی گوتاری “عێراق دەوڵەتێکی عەرەبی ئیسلامییە” وەک بنەمایەکی دەستووری (ماددەی 1 لە دەستووری ساڵی 2005).
-سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ئەم پێکهاتە ڕەسەنە لە مەنهەجی خوێندندا، وەکو توێژینەوەیەکی “چاودێری مافەکانی کەمینەکان” (2022) دەریدەخات، کە ٪89 ی کتێبەکانی عێراق، ئاماژەیان بە ئاشوورییەکان
نەکردووە، جگە لە چوارچێوەی مێژوویی پەرتەوازە نەبێت.

دوو: پشک پشکێنی:
-دابەشکاری پۆستی نوخبەی سیاسی، بە گوێرەی هاوکێشە مەزهەبی و نەژادییەکانە، کە دوورە لە کەلدان سریان ئاشووری.
-داتاکانی پەرلەمانی عێراق نیشانی دەدەن، کە ڕێژەی کەلدان سریان ئاشووری لە پۆستە وەزارییەکان لە ساڵی 2003 ەوە لە ٪0.7 تێپەڕ نەکردووە.
“گەلی ئاشووری لە دامەزراندنی عێراقی نوێدا دابەزینێکی بەرچاوی دیمۆگرافییان بەخۆوە بینیوە”
سێ: پەراوێزخستنی گەشەسەندن:
-نەخشەی “پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە” کە وەزارەتی پلاندانان (2021) بڵاوی کردووەتەوە، دەریدەخات، کە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی گەلی ئاشووری (کەلدان سریان) ، تەنها ٪2ی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابوورییان وەرگرتووە.
*بەراوردکردنی نێودەوڵەتیی ئەزموونی کەمایەتییە سەرکەوتووەکان:
بەراوردکردنی کەلدان، سریان، ئاشووری لەگەڵ کەمایەتییەکانی تری وەک ئەرمەنییەکان لە لوبنان یان سیخەکان لە هیندستان ئەوە دەردەخات، کە سەرکەوتنی کەمایەتییەکان بەندە بە:
1- بونیادنانی دامەزراوەی کۆمەڵگەیی کاریگەر (وەک قوتابخانە ئەرمەنییەکان لە لوبنان).
2- دروستکردنی سەرکردەی کارێزما (وەک ئەزموونی سەرکردەی سینگ-ی سیخەکان).
3- وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆیی لە بوارە زانستییەکاندا (وەک ئەوەی، کە ئاشوورییەکان خۆیان لە سەدەی بیستەمدا ئەنجامیاندا، کاتێک لە پزیشکی و ئەندازیاریدا سەرکەوتوو بوون).
بیرمهندێكی ئاشووری: زیندووبوونەوەی نەتەوەکان بە دۆزینەوەی یادەوەرییان
دەست پێدەکات، بەڵام تەنها بە بونيادنانی داهاتوویان بەردەوام دەبێت.

دەرئەنجام؛ بەرەو دیدگایەک بۆ ئایندە و چارەسەرکردنی قەیرانی نەتەوەیی کەلدان، سریان، ئاشووری پێویستی بە گرتنەبەری ستراتیژێکی سێ لایەنە هەیە:
– فشاری نێودەوڵەتی: له ڕێگای میکانیزمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی کەمینەکان.
– چاکسازی ناوخۆیی: لەڕێگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوە نیشتمانییەکاندا.
– وەبەرهێنانی پەروەردەیی: بونیادنانی دامەزراوەی کلتووریی و پەروەردەیی تایبەت.
بۆیە دواجار بۆ تێپەڕاندنی ئەم پرسە نەتەوەییە و ئەم قۆناغە سەختە، دەبێت پشت بە تێڕوانینی بیرمەندی ئاشووری هاوچەرخ هورمز ئەبونه ببەستین، کە دەڵێت: “زیندووبوونەوەی نەتەوەکان بە دۆزینەوەی یادەوەرییان دەست پێدەکات، بەڵام تەنها بە بونيادنانی داهاتوویان بەردەوام دەبێت”.
*ئەكادیمی و سەرۆكی سەنتەری ڕۆشنبیریی ئاشووری دیانا.
“پەراوێزخستن لەلایەن حکوومەت و نوخبەی خۆجێییەوە، هۆکاری سەرەکین بۆ خراپتربوونی دۆخەکەیان”



































































