” حكوومەتی عێراق وەك پێویست هاوكارنییە بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان “
دیدار-مستەفا دۆڵەمەری
رێبوار رەمەزان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفاڵكراوانی بارزانی، لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا باس لە جینۆسایدی بارزانییەكان دەكات و ئاماژە بە قۆناغەكانی ڕاگواستنی خەڵكی بارزان دەكات بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق، دەشڵێت: لە كۆی 8000 هەزار بارزانی جینوسایدكرا و تەنها رووفاتی 696 یان گەڕێندراونەتەوە.
لە بەردەوامی قسەكانیدا ڕێبوار ڕەمەزان، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفاڵكراوانی بارزان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: پلانی ڕژێم بۆ جینوسایدكردنی بارزانیان لە 1975 بەشێوەیەكی بەرنامە داڕێژراو دەستی پێكرد، خەڵكی گوندنشینیانی دەڤەرەكە قۆناغ بە قۆناغ ڕاگوازران بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق، لە دەستپیكدا عەشیرەت و تیرەی بەڕۆژی و نزاری، تا گەیشتە شانەدەر، دوای سێ ساڵ ئەوانەی عەشیرەتی شێروانی و دۆڵەمەری، هەركی و مزووری، واتە ئەوانەی كە مابوون ئەوانیشیان بردران بۆ ئۆردگا زۆرەملێ كانی (هەریر و بەحركە و دیانا) لە ماوەی سێ ساڵدا خەڵكی دەڤەری بارزان هەر هەموویان گواسترانەوە بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق، ناوچەكەش بە تەواوی گوندەكان خاپوور و وێرانكران و سوتێندران، لە ساڵی 1980 ئەو بارزانییانەی بردرابوون بۆ بیابانەكانی عێراق، بە سیاسەتێكی تر دووبارە گواسترانەوە بۆ دەوروبەری هەولێر لە دەشتی قوشتەپە و لە ئۆردوگایەك نیشتەجێ كران.
بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفاڵكراوانی بارزان، زیاتر گووتی: لە دوای ئەوەی بارزانییەكانیان لەو شوێنانە كۆكرانەوە، لە ساڵی 1983 لە پرۆسەیەكی دیكە ئەوجارەیان ڕژێم ئەوەی زانی كە وێرانكردن و سووتاندن و لە ناوبردنی گوندەكان و گواستنەوەی بارزانییەكان بۆ جێگەیەك كە كەلتورو دابوونەریتی جیاوازبێت بەو شێوەیەش هەر نە تواندرا بارزان و بارزانی بوون و پەیام و خەبات و خۆراگڕیان لە ناوببردرێت، بۆیە ئەمجارە جینۆسایدێكی بایلۆجی بەرامبەریان ئەنجامدرا كە دەستگیركردنی هەرچی ڕەگەزی نێرە هاتا هەندێك كەس هەبوو كە تەمەنی لە نێوان 8 بۆ 9 ساڵ دەبوو، هەر هەموویان بە سێ قۆناغ بردن بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق، قۆناغی یەكەم لە 31-7-1983 ئەو خەڵكەیان برد بۆ پارێزگای سەماوە و موسەنا لە بیابانەكانی ئەو ناوچانە نیشتەجێ كران و هەر لەو شوێنە كۆمەڵكوژ كران هەموویان ژێرخاك و زیندە بەچاڵ كران، قۆناغی دووەم لە 10-8-1983 ئەوانەی لە كۆمەڵگەكانی بەحركە و هەریر و دیانا مابوون هەموویان بردنە هەمان شوێن و زیندە بەچاڵكران، قۆناغی سێیەم لە 1-10-1983 ئەو جارەیان دووبارە لە كۆمەڵگەی قوشتەپە و دەورووبەری بە شێوەیەكی ورد گەڕان دەستی پێكر، ئەمجارە كەسانی بەتەمەن و مێرمنداڵیان ڕاپێچ كرد، بەم شێوەیە تەنها لەماوەی سێ مانگدا 8000 هەزار بارزانیان لە بیابانەكانی باشووری عێراق و زیندە بەچاڵ كرد.
ڕێبوار ڕەمەزان، ئەوەشی خستەڕوو: لە دوای ئازادی عێراق ساڵی 2005 یەكەم قۆناغی ڕووفاتی بارزانییەكان لە بیابانەكانی بوسەیەی سنووری پارێزگای موسەنا، گەڕێندرانەوە كە ژمارەیان 503 كەس بوون، هەروەها لە ساڵی لە 2014 قۆناغێكی دیكە 93 ڕوفاتی بارزانییەكان گەڕێندرانەوە، لە ساڵی 2022 قۆناغی سێیەمی هێنانەوەی ڕوفاتەكان 100 جینوسایدكراو بوو، بەو شێوەیەش لە كۆی 8000 هەزار بارزانی، تەنها رووفاتی 696 جینوساید گەڕێندراونەتەوە و 7 هەزار و 304 ڕوفات لە بیابانەكانی باشووری عێراق ماون.
بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفاڵكراوانی بارزان، دەشڵێت: هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی ڕوفاتی بارزانییەكان، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی عێراق هاوكار نییە وەك پێویست، هەروەك ئەو شوێنانەی كۆمەڵكوژی تێدا كراوە پێویستی بە ئەمنیەتێكی باشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە، لەهەمانكاتیشدا خەڵكی ئەو ناوچانە شوێنەكان پیشانی ئێمە نادەن، هەروەها ئەو ئامێرە پێشكەوتووانە نینە كە جێگەی گۆڕی بە كۆمەڵ دەستنیشان بكەن، بەشێوەیەكی گشتی ئەو پڕۆسەیە بە سیاسی كراوە .
لە دوا قسەكانیدا ڕێبوار ڕەمەزان، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفاڵكراوانی بارزان، هێمای بۆ ئەوەكرد: لە ساڵی 2009 تا 2011 كەیسی جینۆسایدی بارزانییەكان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ناسێندرا، كەچی تائێستا حكوومەتی عێراق بەشێێوەیەكی فەرمی داوای لێبوردن لە كەس و كاری ئەنفالكراوان و جینوساید نەكردووە، ئەو یاداشتنامەی وەك جینۆساید نەخستووەتە بواری جێبەجێكردن و قەرەبووی ماددی و مەعنەوەی كەسووكاری ئەنفال و جینۆسایدكراوەكانی نەكردووەتەوە.


































































