” لە ڕواندز زیاتر لە 3000 هەزار كەس لە وەرگرتنی زەووی سوود دەبن “
زاری كرمانجی-ڕواندز
لە دیدارێكی زاری كرمانجی، سەرۆكی شارەوانی قەزای ڕواندز، دەڵێت: هەوڵەكانمان بەردەوامی هەیە بۆ دیاری كردنی نەخشە كەرتی بۆ تەرخان كردنی پارچە زەووی فەرمانبەران و ئەو كەسانەی ڕێنماییەكان دەیانگرێتەوە، هەروەها چەندین كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان لە پلان و بەرنامەی جێبەجێ كردنن.
چیایی محەمەد سەرۆكی شارەوانی ڕواندز: بە زاری كرمانجی گووت: سەبارەت بە ڕێكارەكانمان بۆ دابەشكردنی زەووی بەسەر فەرمانبەران و ئەو كەسانەی ڕێنماییەكانی حكوومەت و وەزارەت و دام و دەزگاكان دەیان گرێتەوە، لە قۆناغی یەكەمدا لەوانەیە 500 كارتی پێدانی زەووی دابەش بكەین، بۆ هەمان مەبەست تیمێكی پەیوەندیدار سەردانیان كردین، مەبەست ئەوە بوو بە تەماین نەخشە كەرتێكی دیكە لە كانیە قوڕ دابنێن، هەرچەندە ڕووبەرێكی بچووكە بەڵام دانانی بە گرنگ و پێویست دادەنرێت، كە ڕووبەرەكەی نزیكەی 12 دۆنم زەووی دەبێت.
سەرۆكی شارەوانی ڕواندز: ئاشكراشی دەكات: ئەو ناوانەی سوودمەندمەند دەبن لە وەرگرتنی زەووی قۆناغ بە قۆناغ بۆمان دەگەڕێنەوە، تەنها لە دوو وەجبە ناوی 1900 ناومان بۆ هاتووە، هێشتا وەجبەی سێیەمیش ماوە، لەوانە بۆ وەجبەی یەكەم نزیكەی 900 پارچە زەووی دیاری كراوە لە بانەزێوك خوار فەرمانگەی ئاوی ڕواندز، هەروەها وەجبێكیش دەكەوێتە نزیك گەڕەكی كانیە قوڕ، بۆ ئەوانی دیكەش هەوڵەكانمان بەردەوامە كامە شوێنمان بە شایستە زانی نەخشە كەرتی بۆ دادەنێن، تا زەووی بۆ ئەو كەسانە تەرخان بكرێت كە ڕێنماییەكان دەیان گرێتەوە.
سەبارەت بە كارو پڕۆژەخزمەتگوزارییەكانیان چیایی محەمەد سەرۆكی شارەوانی ڕواندز، دەڵێت: چەندین پڕۆژەی گرنگمان لەبەرنامەو پلاندایە وەك جوانكاری و قیڕتاو كۆنكرێت و دروستكردنی ئاو و ئاوەڕۆ و چاككردنی شەقام و كۆڵانەكان و هەروەها گرنگی دان بە دەروازەكانی شار و چەندین خزمەتگوزاری دیكەی گرنگ و پێویست لەسنوورەكەمان، كە هەندێكیان پڕۆژەی نوێی پێشنیار كران بۆ ئەوەی لە داهاتوو جێبەجێیان بكەین، ئەوانی دیكەش پڕۆژی پێشوترن كاركردن تیاندا بەردەوامی دەبێت، چاوەڕوانی ئەوەین بوددجەی پەرەپێدانمان بۆ تەرخان بكرێت، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێكردنی ئەو كارو پڕۆژەخزمەتگوزاریانە بكەین.
دەربارەی فرەوانكردنی ڕێگاو شەقامە گشتییەكانی درەوازەكانی قەزای ڕواندز، چیایی محەمەد گووتی: بۆ ئەمە كاری باشی لەسەر كراوەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان درخستەیەكی تایبەتی ئامادەكردووە، هەرلە تەڕەفلیكی چیایی كۆڕەك دەست پێدەكات تا دەگاتە نزیك پەیكەری وەرداش واتە ڕێگای سەرەكی ڕواندز بێخاڵ، بۆ ئەو مەبەستە داوامان كردووە ئەو ئەندازیارەی دەرخستەی ڕێگاكەی كردووە، هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاو كارەبا بكات، هەموو دەرخسەكان بەیەكەوە ئامادە بكەین بەبێ كەم و كۆڕی، بۆ ئەوەی لە ڕێگای وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەزامەندی جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە وەربگرین.
لەدوا قسەكانیدا چیایی محەمەد سەرۆكی شارەوانی ڕواندز، ئاماژەی بەوەكرد: خۆشبەختانە بە سەرپەرشتی ئیدارەی قەزاكەمان و بە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان كێشەی زێدەڕۆیی سەر موڵكی گشتی نزیكەی 100% كۆنتڕۆڵكراوە، هەروەها تاپۆكردنی خانووی هاووڵاتییانیش بەپێی ڕێنماییەكان بەردەوامی هەیە، سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی دروستكردنی خانوو لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەویشیان بەپێی یاسا و ڕێكارەكان دەبێت، واتە ئەو ڕێنمایانەی لە سەرووی خۆمان پێمان دەدرێن دەست بە جێبەجێ كردنیان دەكەین.

































































