مامۆستایەكی زانكۆ: ئەنفال تاوانێكی دژ بە مرۆڤایەتی و بە ئامانجی لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوەی كورد بوو
” چیرۆكی ئەنفال كتێبێكی پڕ لە ژانە، یەكەم لاپەڕەی خوێناوییە “
راپۆرت-زاری كرمانجی
42 ساڵ بەر لە ئێستا و لە 31ـی تەممووزی ساڵی 1983، ڕژێمی پێشووی عێراق هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ تا 90 ساڵ بە زۆر ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە جینوساید و كۆمەڵكوژی كردن، مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت: ئەو ژنە قارەمانانەی بارزان كە هاوسەر و كوڕ و باوكیان لێ سەندرابوو، بوونە قەڵغانێكی پۆڵایین و چرای ماڵەكانیان بە بڵێسەوە هێشتەوە.
د. بارزان سەباح مامۆستای زانكۆ بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ڕژێمی لەناوچووی بەعس، وەك ئایدۆلۆژیا و كەلتوور و سیستەم، 42 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ هەوڵی دووبارەكردنەوەی ئەو مۆدێلە فاشیزم و نازیزمەیدا بۆ لە ناوبردن و سڕینەوەی میللەتێك، وەك كۆپییەكی فاشیزمانەی عەڕەبی، بۆ سڕینەوەی ناسنامەی میللەتی كورد لە ژێر ناوی (ئەنفال) خۆی دەرخست.
دەشڵێت: ئەنفال تراژیدیایێكی سۆسیۆلۆژی و سیاسی بوو، بۆ لەناوبردن و سەركەوتكردنی شۆڕش و بەرخودانێك كە پێی دەگۆترا: (كورد بوون)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرەتایەكی تازە و جیاواز بوو بۆ دۆخی بەرگری، نەكەوتن و نەچەماندن لە دیدی شۆڕشگێرەكان و كوردپەروەران، بە سەركردایەتی بارزانی نەمر، چونكە بەهۆی شاڵاوی ئەنفالەوە نەتوانرا كۆمەڵگەیەكی بێ پڵوڕاڵیزم و فرە ئیتنیك بنیادبنرێت، بەڵكو شەپۆڵی جیاوازبوون و لەیەكنەچوونی كۆمەڵگەی گەورەتركرد. هاوكات، بە ئاشكرا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جیاوازی و ناكۆكییەكانی عێراق و كوردستان سەریان هەڵدەدا.
گووتیشی: ئەنفال بۆ گەلی كورد, نەك هەر برینێكی ساڕێژنەكراو نییە، بەڵكو تاوانێكی قێزەون بوو دژ بە مرۆڤایەتی، كە لەسەر بنەمایەكی دڕندانە و بە مەبەست، كە ئامانج لێی لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوەی كورد بوو، وەك پرسی لەناوبردنی ناسیۆنالیزمی كوردی. ئەنفال كردنی 8000 بارزانی، لەلایەن دیكتاتۆرێكی فاشیزم، زامێكی لەبیرنەكراوی لە دڵی هەزاران دایك و ژنی خۆڕاگری بارزانی و تەواوی میللەتی كورد بەجێهێشت.
د. دانەر عەبدولغەفار مامۆستای زانكۆ و ياساناس، بە زاری كرمانجی گووت: قووڵترین برینەكانی نەتەوەیەك، هەمیشە ئەوانە نین كە بە ئاسانی دەبینرێن. چیرۆكی ئەنفال كتێبێكی پڕ لە ژانە، كە یەكەم لاپەڕەی خوێناویی لە ساڵی 1983 نەنووسرا، بەڵكو یەكەم دێڕی لە هاوینی گەرم و تاریكی ساڵی 1983دا نووسرایەوە، كاتێك پیلانی ڕیشەكێشكردنی بارزانییەكان داڕێژرا، ئەمە سەرەتای تاوانێكی سارد و نەخشە بۆ كێشراو بوو. بە جەنگێكی ڕاگەیەنراو دەستی پێنەكرد، بەڵكو بە كۆكردنەوەی بێدەنگانەی پیاوانی بارزانی دەستی پێكرد. ئەوان لە ماڵ و حاڵی خۆیان دابڕێنران، بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان گواسترانەوە، و لەوێ وەك قوربانیی داهاتوو، بۆ مەرگێكی ڕەشی بێناونیشان مۆر كران.
ئاماژەی بەوەشدا: لە یەك ساتدا، هەشت هەزار ڕۆحی گەنج و پیری بارزانی لە بیابانە بێڕەحمەكانی عێراقدا زیندەبەچاڵ كران. نەوەیەكی تەواوی بارزانییەكان لە بێدەنگییەكی كوشندەدا بێسەروشوێن كران. ئەندازیاری ئەم تاوانە، دواتر بە شانازییەوە گوتی: ناردمانن بۆ جەهەننەم، بەڵام دوژمن هەڵە بوو. وێڕای جینۆسایدكردنی هەشت هەزار بارزانی، ژیان نەوەستا. شۆڕش بەردەوام بوو و ئاڵای كوردایەتی دانەنەوی. ئەو ژنە قارەمانانەی بارزان كە هاوسەر و كوڕ و باوكیان لێ سەندرابوو، نەك هەر كۆڵیان نەدا، بەڵكو بوونە قەڵغانێكی پۆڵایین و چرای ماڵەكانیان بە بڵێسەوە هێشتەوە. ئەوان نەوەیەكی نوێی بارزانی-یان پێگەیاند، نەوەیەك كە هەڵگری هەمان ڕۆحی بەرگری و خۆڕاگریی باوباپیرانیان بوون.
ئەو یاساناسە ئاماژەی بەوەشدا: ساڵانە كاتێك یادی ئەو كارەساتە دەكرێتەوە، ئێمە تەنیا یادی ژمارەیەك ناكەینەوە، بەڵكو یادی چیرۆكی مانەوە و خۆڕاگریی گەلێك دەكەینەوە. ڕێز لە ڕۆحی پاكی ٨ هەزار شەهیدی بارزانی دەگرین و سڵاو بۆ ئیرادەی ئەو ژنە مەزنانە دەنێرین كە نەیانهێشت چرای بارزان بكوژێتەوە. یادەوەریی بارزانییەكان وانەیەكە كە فێرمان دەكات، تەنانەت لە قووڵایی بەسوێترین زامەكانیشدا، ئیرادەی ژیان و شۆڕش هەرگیز نامرێت.

































































