مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی، لە هەر یەك كاتژمێردا زیاتر لە شەش هەزار لە زیارەتكارانی ئەربەعین لە سنووری پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و مێهران، دەپەڕنەوە عێراق .
ئەحمەد كەرەمی، پارێزگاری ئیلام بە ئاژانسی هەواڵی مێهری ڕاگەیاندووە “لە هەر كاتژمێرێكدا شەش هەزار كەس لە سنووری مێهران دەپەڕنەوە.”
دەشڵێت “پێگەی تایبەتی سنووری مێهران وەك دەروازەی سەرەكیی جموجۆڵی زیارەتكارانی ئەربەعین و یەكەم شوێنی مەبەست بۆ ڕێبواران بە درێژایی ساڵە و زیادبوونی بەرچاوی هاتووچۆی لەم سنوورەدا دەبینین.”
جەخت لەوەش دەكاتەوە”سنوورەكە هەمیشە هەڵبژاردەی یەكەمی زیارەتكاران و ڕێبوارانی ئەربەعین بووە بە جۆرێك ساڵانە شایەتی جووڵەی ٨ ملیۆن زیارەتكار لە ڕێگەی ئەم سنوورەوە دەبین.”
چلەی ئیمامی حوسێن، پیرۆزیی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە لای شیعەكان، ئەمساڵ دەكەوێتە 14ـی مانگی ئاب، بۆیە بە هەزاران هاووڵاتی ئێرانی لە رێگەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە بۆ بەشداریكردنی لە چلە، بەرەو شوێنە پیرۆزەكانی شیعە لە عێراق دەكەونە ڕێ.































































