
لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری هێرشی نوێبوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بەرژەوەندی و کەسایەتییە گرنگەکانی کۆماری ئیسلامی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی ئەمڕۆ یەكشەمە 3-8-2025 گووتی: شەڕی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کۆتایی نەهاتووە و جەختی لە ئامادەیی “هێزی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران” بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەی نوێ کردەوە.
ئەمیر حاتەمی بانگەشەی ئەوەی کرد “ڕژێمی زایۆنیستی دوژمنێکی سوێندخواردووە و لە شەڕی سەپێنراوی 12 ڕۆژەدا بەشێک لە تاوان و دڕندەییەکانی بەرامبەر نەتەوەی ئێرانمان بینی”. پاشان بە ئاماژەدان بە قسەکانی پێشووی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، کە “پێویستە هەڕەشەی لەسەدا یەک بە هەڕەشەی سەد لەسەد بزانین”، زیادی کرد: نابێ دوژمن بە کەم بزانین و هەڕەشەکەی بە کۆتایی بزانین، بێگومان لە ماوەی ئەم 12 ڕۆژەدا، چەندین چیرۆکی نەگوتراو لە بارەی ئازایەتی بێهاوتای ئازیزانی بەرگری و کردەوە بەنرخەکانی هێزی زەمینی، هێزی ئاسمانی، و هێزی دەریایی، کە لە کاتی خۆیدا دەگاتە خەڵکی بەڕێزی ئێران”.
ئەمەش دوای 12 ڕۆژ لە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل دێت کە زیاتر لە 300 فەرماندەی باڵا و ناوەڕاستی سەربازی لە کۆماری ئیسلامیدا کوژران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەندین جار جەختیان لەوە کردەوە کە بەرگرییەکانی ئێران تاڕادەیەکی زۆر لەناوچووە و “ئاسمانی ئێران بە تەواوی کراوەیە”.
لە لایەکی دیکەوە، بڕیاری ئەم دواییەی عەلی خامنەیی بۆ پێکهێنانی “ئەنجومەنی بەرگری” و ڕەتکردنەوەی پێشنیاری دانوستان و ئاشتی دۆناڵد ترەمپ نیشان دەدات کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و بازنەی ناوەوەی هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بە ئەگەرێکی زۆرتر لە پێشووتر دەزانن. شرۆڤەکاران پێیان وایە دروستکردنی ئەم ئەنجوومەنە، هەروەها گەڕانەوەی عەلی لاریجانی بۆ سەر دەسەڵات، هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنی پێکهاتەیەکی بەرگری و سەربازی نوێ لە وڵاتدا بۆ ئەوەی بتوانن بە خێرایی و سیستماتیکتر لە جاران کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بە هەڕەشەکانی داهاتوو.































































