
مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، برینەوەی ئەندامانی جەستە لە لایەن دەسەڵاتی قەزایی کۆماری ئیسلامی بە نیشانەیەکی ڕوونی “پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ” مەحکووم کرد.
لە کاردانەوە بە بڕینی پەنجەکانی هادی ڕۆستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شەهیوەند لە زیندانی ورمێ کە ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجامدرا، مای ساتۆ ئەو کارەی بە “نموونەی مامەڵەی دڕندە و نامرۆڤانە و ڕیسواکەر” ناوبرد.
ئەو لە (X)دا نووسیویەتی: “سزای جەستەیی، لەوانەش بڕینی بەشەکانی جەستە، ئەشکەنجەدان، مامەڵەی دڕندانە، نامرۆڤانە و سووکایەتیکردن پێکدەهێنێت، ئەم جۆرە پێشێلکاریانەی مافەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان (لەوانەش مادەی حەوتەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان) بەتەواوی قەدەغە كراون.”
خاتوو ساتۆ هەروەها جەختی لەوە کردەوە: “ئەم رەفتارە بۆ بڕینەوەی ئەندامی جەستە کە دەوڵەت سپۆنسەری دەکات، نموونەیەکی ڕوونی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە.”

هیومان ڕایتس وۆچ هەروەها بڕینی پەنجەی سێ بەندکراوی ڕاگیراو لە زیندانی ورمێ بە نموونەیەکی ڕوونی ئەشکەنجەدان ناوبرد و خوازیاری لێپێچینەوەی تاوانکاری هەموو ئەو بەرپرسانەی دەستیان لە دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەم حوکمەدایە.
دەسەڵاتی قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ورمێ چوار پەنجەی دەستی ڕاستی سێ هاووڵاتییان وەک سزا بڕی.
بەپێی هەواڵی سەرچاوەکانی هەواڵ و مافی مرۆڤ، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو کاربەدەستانی قەزایی لە زیندانی ورمێ چوار پەنجەی دەستی ڕاستی هادی ڕۆستەمی تەمەن ٣٩ ساڵ، مێهدی شەرەفیان تەمەن ٤١ ساڵ و مێهدی شەهیوەند تەمەن ٢٩ ساڵانیان لە زیندانی ورمێ بڕی و پاشان بردیانە نەخۆشخانە و گەڕاندنەوە بۆ زیندان.
جێبەجێکردنی حوکمی پەنجە بڕینی ئەم سێ هاوڵاتییە کاردانەوەی لە سۆشیال میدیای لێکەوتووەتەوە.

































































