
سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیر و بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە کەناڵی فۆنیکسی چینی ڕاگەیاندووە، هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران “زۆر شتی گۆڕیوە” و ئەگەر دانوستان لە داهاتوودا ئەنجام بدرێت، “دانوستاندنەکان دانوستانی چەکداری دەبن”.
ناوبراو جەختی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە لایەنگری ئاشتی بووە و لە چەند سەدەی ڕابردوودا هیچ شەڕێکی دژ بە هیچ وڵاتێک دەستپێنەکردووە.
خەتیبزادە ئیسرائیلی بە “مەزهەبی تیرۆریستی” وەسف کرد و گووتی: “ئەوان ڕاهێنانیان پێکراوە بۆ تیرۆرکردن و ئەمەش سروشتی ئەو قەوارەیەیە کە خۆی بە ئیسرائیل ناودەبات”.
بە وتەی ناوبراو، ئێران “پەلەی نییە” بۆ چوونە ناو هەر جۆرە پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ یان هەر جۆرە وتووێژێک لەگەڵ ئەمریکا و تەنیا لە حاڵەتێکدا دەچێتە ناو دانوستانەکانەوە کە “گەرەنتی تەواو بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک” هەبێت.

































































