نەوڕەس محەمەد
(1)
جادە نامناسێتەوە
قازی دراوسێ، دێڕێک هەڵدەقوڕێنێ
بەڵام
ئەمن کەوانە بەخۆمدادەدەم؛
منداڵیم عەزییەکی سوور
کاتێک ژیان بۆنی یاری لێ دەهات،
لەنێو مەنجەڵێکی بچوکدا دەکوڵاین.
چاوانتم لێ بکەرەوە
لەسەرمای ئێسکمدا ئازارم دەدوێ؛
پشیلە زمان بە فرمێسکم دادێنێ و دەڕشێتەوە
تێدەگەم بۆنم لە میهرەبانی چووە.
شیعرێک لە جانتاکەمدایە
لەوانەیە نیوەڕۆ زمانمان نەبێ؛
وەرە پێکەوە تا مەرگی جوجەڵان بچین؛
قایشی پانتۆڵی کەڵەباب مارە،
هەڵیقوڕاندین.
لە تەنیشت ئەو دێڕەدا دادەنیشم
با دەستیان لە بوێریمدا کەلەپچە بێ.
پێم گوت وەکوو من کچیت،
بەڵام گەورەیی لەدڵتدا بچووکە، ئەگەر
بۆتۆکس و سلیکۆنیش بخۆیت.
ئەو دێڕانە هەڵدێن ئەگەر شاعیرێکی باش نەبم
لەسەرمدا، هەزار مانا دەگەوزێ.
لە دێڕکێدا چاوانتم لەبیرچووە
دەکرێ برژێمە چاوانتەوە؟
خۆم بەبنمیچی شیعردا هەڵدەواسم،
ترس گوتی: دەستت بە نوقتە ڕاناگات.
(2)
لەبیرچوونەوە درێژە
فیکەیەک،
شۆفێرێکی بێ ئاگای لەبەردەمی من و دایکمدا
تا ئەوڕۆش سەرخۆش
بەسەر شاخ و جەستەمەوە
بەسەر خەیاڵ و هەقیقەتەوە نەگیرسایەوە.
ئۆتۆمبێلی داشقە
هەر جارە و ڕەگەزێکی لێ هەڵدەوەرێ.
تا ئەوپەڕی ترسم بە قوڕگیدا دەچێتە خوار
چاوانی دەرپەڕیووم لە گزۆزی سەیارە ئاڵا.
قاپێک ئارامیم بۆ تێکە دادە
دەگەڵ پەرداخێ شیعر لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ئەو سەری ڕۆژئاوا.
کە ئاژەڵان، لە خەونی مندا دەزێن،
من چی بکەم؟
چوومە ناو هەر خەونێکەوە یان شینم گێڕا
یان زۆمبیان لێیان دەپێچامەوە.
تەنیایم بە ژوورکەمدا گەنیووە و
تەورێک لەسەر ژێی دەنگمە.
من چی بکەم؟
کە هەریەکەمان ئێرینیسێکین.
قاپێک خۆشەویستیم بۆ تێکە،
لە پەناماندا برسێتی، شینە. عەینەکەکەت مرد و غەریب مامەوە،
بە تەنیایی کیسەڵێکدا دەڕژێم و کۆنابمەوە.
کە باڵندەی سەر دەرگای حەوشەکەتان هەناوت دەخورێنێ، بە بیرت دێمەوە؟
کەواتە ئەم خوێنبەربوونەم ڕاگرە.
کە بە سکی ناشتاوە؛
خەونە سوریالییەکان دەکرۆژێ، هەڵمپەست. دووانەئۆکسیدی کاربۆنی خۆم هەڵدەمژمەوە.
کاتژمێر تا دوێنێ ئاواز،
بەڵام بیست و چوار کاتژمێر نقورچە ئێستا.
*ئێرینیس: یەکێکە لە سێ ژنە خواوەندە دۆزەخییەکان، کە قژیان تاڵ و پەلکی مارن و بەخواوەندی تۆڵەسەندنەوە و تاوان ناسراون. ئێرینیس بە زەبرترینیانە.
(3)
زەینت پەنگ داوم
تەنێ ئەمن نەبوونت بە هەبوون دەزانم.
ماچەکانت وەک گوارە
بە نەرمایی گوێمەوە بریسکەیان دێ
ناوێرم ملپێچەکەی گەردنم فڕێ بدەم
شوێن ددانەکانت ماچ دەکەمەوە
خۆ لە زەینت وەردەدەم
لەبیرت نەچووە ئەو ئەوینەی ئیرۆسی
لەناوماندا زیندوو کردەوە!
پێت گوتم ڤینۆس،
پێت گوتم ئەفرۆدیت،
پێت گوتم نەفەرتیتی من.
جوانی و ئەوینم لە دەمارتدا دەخواردەوە…
خۆشەویستم بێ ئەوەی ڕۆژووی ئەڤینمان بەتاڵ بکەنەوە
بۆنی بەهەشتی یەکترمان کرد.
بێ ئەوەی جەهەننەممان پێ پیشانبدەن
دەروێشی یەک بووین.
پێش ئەوەی کۆتاییمان پێ بهێنن
یەکترمان خوارد.
بێ ئەوەی پێمان بزانن،
تەرمی یەکترمان لە نێو پاراسووماندا سوتاند.
(4)
لە جەستەی یەکتریدا ئاو بووین
کاتێک تەماشایان دەکردین.
ئەڤینی ئێمە ڕووت و تەڕ و ئاشکرا بوو،
بەڵام لە یادەوەری ئەم شارەدا کانی دەمێنینەوە.
لە شیعریشدا هەر تۆ بوویت،
کاتێک کە دەمنووسی درەختەکەم،
کە دەمنووسی ڕووبارەکەم.
ئاو بووین.
تا لە چاڵ و گەردەکانی یەکتری بدوێین
تا لە نێو پەراسوی یەکتریدا پەیڤەکانمان بسوتێن.
شیعرمان دەنوسی.
ویستم بنووسم باران،
لە سەر پێستمدا بوویت بە شەونم.
ئەو ڕۆژانەی لە زمانی یەکتریمان دەخوارد
چاوی داب و نەریت گوللە بوو
بەڵام ئێمە گوڵ و سەمامان هەڵبژارد.

































































