“سەرنجی رەخنەگران دەبنە هەوێنی گەشەی زیاترم”
“بنیادنانی نیشتمان لەسەر چەندین دینگەی سەرەكییە، پێویستە ئەدەب و هونەر یەكێك بێت لەو دینگە بەهێزانە”.
ئا/ گولستان بەهجەت
شەیدا سامی محەمەد، كچە شۆخی تەمەن 22 بەهارە، دەرچووی قۆناغی ئامادەییە و لە قەزای سۆران ژیان بەسەر دەبات، ئەو چەند ساڵێكە دەست و پەنجەی لەگەڵ فڵچە و بۆیاغ تێكەڵ كردووە و ئاوێتەی هزر و خەیاڵی رەنگاوڕەنگیان دەكات و دەیانخاتە سەر تابلۆیە بێ گیانەكان و روحیان بە بەردا دێنێت.
شەیدا، دەڵێت ” لە پشت زۆربەی تابلۆكانم پەیام و دونیابینینێكی تایبەت بەخۆم هەیە، كە زۆرینەی ئەم پەیامانە بۆ مرۆڤەكانە و لە زۆربەی تابلۆکانم پەیامەکەم گەیاندووە، رۆئیاكانم لە وێنە و تابلۆکانم وێنا دەكەم، لەبەر ئەوەی ئافرەتی کورد ئەگەر بە شێوەی زارەکیش نەبێت، دەتوانێت لە رێگەی هونەرەکەیەوە زۆر پەیام بگەینێتە کۆمەڵگە”.
ئەم بەهرەمەندە شێوەكارە وێڕای ئەوەی سەر سامە بە کارە هونەرییەکانی د.فەرهاد پیرباڵ، بەڵام بە وردی لە گشت كارە هونەرییەكانی دیكەش دەڕوانێت، ئەو دەڵێت” هەر كەسەو لە رێگە و هیوایەكەوە دڵی خۆش دەبێت و هەوڵی ئارامی خۆی دەدات، بەڵام بە شێوەیەكی بەرفراوانتر مرۆڤەكان لە رێگەی وێنەکێشان دەتوانن گوشارە دەروونییەکانیان کەم بکەنەوە و خەم و کێشەکانی رۆژانە بەتاڵ بکەنەوە”.
شەیدا سامی پێیوایە ” لە کوردستان نەک تەنها وێنەکێشان، بەڵكو هەموو بابەتە هونەرییەکان کەم بایەخ بوونە” بۆیە دەڵێت ” وا باشە پاڵپشتییەکی زۆری لاوان بکرێت لە رووی هونەرەوە، بۆ ئەوەی حەزی هونەر و رۆشنبیری گەشە بكات، بنیادنانی نیشتمان لەسەر چەندین دینگەی سەرەكییە، پێویستە ئەدەب و هونەر یەكێك بێت لەو دینگە بەهێزانە”.
زۆرجار كەناڵەكانی راگەیاندن دەبنە جێگەی رەخنەی بەهرەمەندان و پێیان وایە وەك پێویست باێخیان پێنادرێت، لە كاتێكدا راگەیاندن دەتوانن ببنە هۆكارێكی سەرەكی بۆ راكێشان و چەكەرە كردنی حەزی هاووڵاتییان بۆ كاری رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری، شەیدا لەمبارەیەوە دەڵێت ” راگەیاندن هۆكارێكە بۆ ناساندنی بەهرەی ئەو هونەرمەندانەی بە شێوازی تایبەتی خۆیانەوە خزمەت دەكەن، پێویستە كار و چاڵاكییەكانیان پیشان بدرێت، ئەمەش دەبێتە هاندەر بۆ بەهرەمەندان و هونەرمەندان، بۆ نموونە لە چەندین پێشانگە بەشداریم کردووە، ئەگەر كارەكانم بخرێنەڕوو، رەخنەگران سەرنجەكان باس دەكەن، دەبنە هەوێنی گەشەی زیاترم و دەریچەیەكیش دەبێت بۆ بە بازاڕ كردنی بەرهەمەكانم”.































































