
دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، باسی لە پرسی بەرنامەی ناڤۆکی کۆماری ئیسلامی کرد و بە ئاماژەدان بەوەی کە جیهان لە لێواری خەرەندێك دایە، گووتی: هەڕەشەی ڕاستەقینە ئێستا لە ئێرانەوە دێت.
لامی بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت، روونیكردەوە: زۆر گفتووگۆم لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە، بەڵام ناتوانن ڕوونکردنەوەیەکی بڕوا پێكراو بدەن کە بۆچی پێویستیان بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا ٦٠ هەیە.
ناوبراو جەختی کرد: کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێویستی بە یۆرانیۆمی پیتێنراو هەیە بۆ بەکارهێنانی زانستی، بەڵام من ئەوە قبوڵ ناکەم.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: ئێرانێکی ئەتۆمی دەتوانێ وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دیکەی دراوسێش سەیر بکرێت و هانی زیاتری وڵاتانی ناوچەکە بدات بۆ ئەوەی چەکی ئەتۆمییان هەبێت. بەم شێوەیە بەم زووانە ڕووبەڕووی جیهانێک دەبینەوە کە چەکی ئەتۆمی زۆر زیاترە لەوەی ئەمڕۆ هەمانە.
لە بەشێکی گفتوگۆکەدا لامی باسی لەوە کردووە کە زۆری نەماوە بۆ کۆتایی ڕۆژی دیاری كراودا، ئەو كات مۆبایلەکەی زەنگی لێدا و مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاگاداری کردۆتەوە کە ئەمریکا خەریکە هێرش دەکاتە سەر کۆماری ئیسلامی.
لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، لامی هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی دا کە ئەگەر دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕوون نەکاتەوە و ڕێگە نەدات پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی بگەڕێنەوە، وڵاتانی ئورووپایی “گەمارۆی توند” بەسەریدا دەسەپێنن.































































