
سەرۆک بارزانی لە یادی 11 ساڵەی جینۆسایدکرانی ئێزدییەکانی شنگالدا ڕایگەیاند “پێشمەرگە بۆ ئازادکردنی شنگال خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش کردەوە و سەری تیرۆریستانیان خستە ژێر پێی ئێزدییەکان”.
ڕۆژی یەکشەممە 3ی ئابی 2025، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی یادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکانی شنگال ڕایگەیاند: “ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش یازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئەنجامیان دا، تاوانێک بوو هەموو سنوورەکانی نامەردی و دڕندەیی تێپەڕاندبوو، ئەمە ئازارێکە هەرگیز لە یادمان ناچێت”.
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە: “قەدەری گەلی کورد ئەوە بووە کە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و کارەسات لەدوای کارەسات بەرۆکی گەلی کوردستانی گرتووە. ئەوەی لەدژی خوشک و برایانی ئێزیدی ڕووی دا درێژکراوەی ئەو زنجیرە کارەساتانەیە کە لەدژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون. لای هەموو کەسێک ڕوونە ئێزیدییەکان بە هۆی کوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە کەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید کران”.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە “لەدوای ڕوودانی ئەو کارەساتە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، گەلی کوردستان و پێشمەرگە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ خوشک و براکانیان بوون و ئەوەی لەدەستیان هات بۆ ڕزگارکردنی ئاوارەکان و ئازادکردنی شنگال و چیای شنگال ئەنجامیان دا”.
سەرۆک بارزانی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەموو ئەو قارەمانانەی بەرز نرخاندووە کە “مێژووییەکی پڕشنگداریان تۆمار کرد و بۆ ئازادکردنی چیای شنگال و شنگال، خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش کردەوە و سەری تیرۆریستانیان خستە ژێر پێی ئێزیدییەکان”. هەروەها زۆر سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی کردووە کە “لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و تێکشکاندنی داعش ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی”.
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە: “لە یازدەهەمین ساڵیادی کارەساتی شنگالدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە و هەموو ئەو تاوان و کۆمەڵکوژیانە دەنێرین کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتوون”.
جەختیش کراوەتەوە “پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی کارەساتی شنگال و هەموو ئەو جینۆسایدانە بکات کە دەرهەق گەلی کوردستان ئەنجام دراون. دەبێ کۆتایی بەو هزر و ڕەفتارە شۆڤینیانە بێت کە هەرجار و بە بیانوویەک و بە عەقلیەتێکی نامرۆڤانە و نکۆلیکار ئازاری گەلی کوردستان دەدەن”.

































































