شههلا رهشيد – زاری كرمانجی :
د.پشدەر عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان دەڵێت، زەردوویی بریتیە لە زەرد هەڵگەڕانی ڕەنگی پێست و سپێنەی چاوو بەشی ناوەوەی دەم لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ماددەیەك كە پێی ئەوترێت (بیلیڕۆبین).
بیلیڕۆبین لە ئەنجامی تێكشكانی خڕۆكە سوورەكانی خوێنەوە بەرهەم دێت و لە (جگەردا) ئەگۆڕدرێت بۆ ماددەیەك كە بە ئاسانی لە ڕێگەی میزو پیساییەوە فڕێ ئەدرێتە دەرەوەی لەش.
هەندێك نیشانەی مەترسیدار لە كاتی زەردوویی منداڵی تازە لە دایك بوو :
۱- زەردوویی لە ماوەی ۲٤ كاتژمێری یەكەمی تەمەنی.
۲- ئەگەر زەردووییەكە بە خێرایی زیادی كردوو تۆختر بوو لەگەڵ كاتدا.
۳- ئەگەر منداڵەكە تای هەبوو.
٤- ئەگەر منداڵەكە نەخۆش دیار بوو.
۵- ئەگەر منداڵەكە شیر خواردنی باش نەبوو.
٦- ئەگەر منداڵەكە هۆشی باش نەبوو یان هەستت كرد زۆرتر خەوتوو دیارە.
جۆرەكانی زەردوویی:
۱- زەردوویی فیسیۆلۆجی (واتە نەخۆشی نیە) ؛ لە (دووەم یان سێیەم )ڕۆژی تەمەنی منداڵەكە دەرئەكەوێت ٫ لە هەموو جۆرەكانی تر زۆرترە ٫ لە ئەنجامی باش پێنەگەیشتنی (جگەری منداڵی) تازە لە دایك بوو دەردەكەوێت، هەروەها هۆكارێكی تری پەیوەندی بە تەمەنی خڕۆكە سوورەكانی منداڵی تازە لە دایك بووەوە هەیە كە كەمە بۆیە زووتر تێك دەشكێن و ماددەی بیلیڕۆبین بەرهەم دەهێنن .
لە دوای (هەفتەی یەكەمی )تەمەنەوە نامێنێت لە ئەنجامی پێگەیشتنی جگەرەوە٫ بۆیە زۆربەی زۆربەیان پێویستیان بە چارەسەر نابێت.
۲- زەردوویی بەهۆی نەگونجانی (گرووپی خوێنی دایك و منداڵەكە)
؛ئەگەر گروپی خوێنی دایكەكە (- بوو منداڵەكە + بوو )یان (دایكەكە گرووپی خوێنەكەی O بوو )بەڵام (منداڵەكە گرووپی خوێنی A یان B بوو) زۆرجار لە ڕۆژی یەكەمی تەمەنی منداڵەكەوە زەردوویی دەردەكەوێت و پێویستیان بە چارەسەر دەبێت.
۳- زەردوویی بە هۆی (شیری مەمكی )دایكەوە؛
شیری هەندێك دایك ماددەیەكی تێدایە كە دەبێتە هۆی (تەمبەڵبونی جگەر ) و بەهۆیەوە زەردوویی٫ لە (هەفتەی دووەمی )تەمەنییەوە دەردەكەوێت و هەندێكجار تا (تەمەنی ۱۰ هەفتە ) بەردەوام دەبێت٫ زۆركەم پێویست بە چارەسەر دەكات ٫ تكایە پێویست بە وەستانی شیری دایك ناكات.
٤- زەردوویی بەهۆی (كەم پێدانی شیر ) بە تایبەت لە (هەفتەی یەكەمی تەمەندا) ٫ ئەمەش دەبێتە هۆی ووشك بوونەوە و كەم دەردانی ماددەی بیلیڕۆبین بۆ دەرەوەی لەش لە ڕێگەی پیساییەوە ٫ بەهۆیەوە زەردوویی درووست دەبێت.
۵- ئەگەر كێشەیەك لە (ئەنزیمەكانی) یان پەردەی (دەوری خڕۆكە سوورەكانی خوێن ) هەبوو ٫ ئەوا دەبێتە هۆی شیبوونەوەی خڕۆكە سوورەكان و كۆبونەوەی ماددەی بیلیڕۆبین و دەركەوتنی زەردوویی.
دكتۆر پشدەر دەڵێت، زۆر هۆكاری دیكە هەن بۆ زەردوویی، بەڵام نامانەوێت بابەتەكە زۆر ئاڵۆز بێت لاتان، لە كاتی هەست كردن بە زەردوویی منداڵەكەت پێویستە بە زووترین كات سەردانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵانی پێ بكەیت، چونكە ئەگەر ماددەی زەردووییەكە واتە بیلیڕۆبین لە ئاستێكی دیاری كراو بەرزتر ببێتەوە ئەوا لە بەشەكانی جەستەدا ئەنیشێت بە تایبەت لە مێشكداو ژیانی منداڵەكەت بۆ هەمیشە وێران دەكەیت.
د. پشدهر تكا له باوان دهكات كه لە دوو هەفتەی یەكەمی تەمەنی منداڵهكهدا هەمیشە لە بەر ڕووناكی ئاسایی بۆ زەردووی سەیری بكە، چونكە لە تاریكی و ڕووناكی گڵۆپ هەست بە زەردوویی ناكەیت.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، بێ بڕیاری پزیشكی پسپۆڕی منداڵان هیچ دەرمانێك مەدە بە منداڵەكەت، چونكە دواتر پەشیمانی هیچ لەو كارەساتە ناگۆڕێت كە بە بڕیاری هەڵە بەسەر منداڵەكەتدا هاتووە.