پەرلەمانی توركیا خەریكی گەڵاڵە كردنی یاسایەكین بۆ بابەتی چەك دانانی پەكەكە، تا بە شێوەیەكی فەرمی و یاسایی هەموو وردەكارییەكان لە خۆ بگرێت.

ماڵپەڕی (باسنیوز) بە پشت بەستن بە راپۆرتێكی ئاژانس ( (T24ی توركی، هەواڵێكی بڵاو كردۆتەوە كە ناوەڕۆكەكەی پەیوەندی بە دەركردنی یاسایەكی نوێیە لەبارەی چەك دانانی پەكەكە، لە راپۆڕتەكەدا هاتووە ” لەناو پەرلەمانی توركیا پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بە چەكدانانی پەكەكە ئامادە دەكرێت، كە لەوێدا هەموو تۆمەت و ئەو سزایانەی بەسەر گەریلادا سەپاوە هەڵدەگیرێت، هەروەها لێبوردنیشیان بۆ دەردەچێت تا بتوانن بگەڕێنەوە ناو كەسوكاریان و هەروەها بەشێوەیەكی مەدەنی ژیانی خۆیان بكەن”.
زیاتر روونكراوەتەوە ” ئەو پرۆژەیاسایە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە ئامادە دەكرێت كە 50 ئەندامە و بۆ پرسی چارەسەریی كورد پێكهێنراوە و هەموو پارتە سیاسییەكانیش ئەندامیان تێیدا هەیە و ناوەكانیشیان ناردووە بۆ دیوانی پەرلەمان، بەڵام لەكاتی نووسینەوەی ئەو پڕۆژە یاسایەدا، دەبێت هەفتانە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیای لێئاكادار بكەنەوە و تێبینییەكانی پێ بڵێن”.
باسنیوز نووسیویەتی، بەرپرسێكی ئاكەپە كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، قسەی بۆ (T24) كردووە و دەڵێت: ”ئەو پرۆژەیاسایەی ئامادە دەكرێت ناوی لێ دەنرێت (پرۆژەیاسای تایبەت بە چەكدانانی پەكەكە)، لەو پڕۆژەیەدا باس لە چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە دەكرێت و چارەنووسی ئەو گەریلایانەی تێدا جێگیر دەبێت و هەروەها دوای چەكدانان پێویستە ئەو گەریلایانە بچنە كوێ و لە كوێی توركیادا ژیان بكەن؟ ئەمانە چەندین بابەتی تری گرنگ یەكلایی دەبێتەوە.“
زیاتر روونكراوەتەوە ” بابەتێكی تر هەیە گرنگ لەو پرۆژەیاسایەدا یەكلایی دەبێتەوە، ئەویش ئایە گەریلا كاتێك دێتەوە ناو ژیانی ئاسایی، وەكوو هەر تاكێكی توركیا یاسای سەربازی زۆرەملێی بەسەردا دەسەپێنرێت؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، تاوەكوو ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداریی فەرمی نییە، بەڵام وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئەو لیژنەیەی پێكهێنراوە و پڕۆژەیاسایەك ئامادە دەكەن، بەدڵنیاییەوە ئەو بابەتەی تێدا یەكلایی دەبێتەوە، چونكە بەشێكی لە گەریلاكان، تەمەنیان بچووكە و كاتێك بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی، یاسای سەربازییان بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام لەو پرۆژەیاسایەی بڕیاڕە ئامادە بكرێت، ئەو پرسە یەكلایی دەبێتەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت”.
لە راپۆڕتەكە ئاماژە بۆ ئەوە كراوە چەمكی (تورك و توركیا)، بابەتێكی تر و گفتوگۆیەكی تری لە توركیا دروست كردووە، بەشێك لە رۆشنبیر و سیاسییەكانی سەر بە كورد و دەم پارتی، پێیانوایە دەبێت چەمكی (تورك) لە دەستووریی توركیا نەمێنێت، لە بری ئەوە، وشەی (توركیا) بوونی هەبێت، چونكە كاتێك وتت تورك، كەواتە لە توركیا هیچ نەتەوەیەكی تر بوونی نییە تەنیا تورك بوونی هەیە، بەڵام كە دەڵێیت توركیا، واتە لەناو توركیا چەندین نەتەوەی تر بوونی هەیە.
ئیلبەر ئاڵتایلی، لێكۆڵەر و مێژونووسی بەناویانگی توركیا، لەگەڵ ئەوەدایە لە بری وشەی تورك، وشەی توركیا لە دەستووردا جێگیر بكرێت، چونكە لەناو توركیا تەنیا تورك بوونی نییە، بەڵام ئەگەر بڵێیت توركیا، ئاساییە و لەناو ئەو توركیایەدا تورك و كورد و ئەرمەنی و عەرەب بوونیان هەیە.
لە كۆتایی راپۆڕتە هاتووە ” تەنانەت لە سەردەمی عوسمانییەكانیشدا شتێك نەبووە بەناو چەمكی تورك، چونكە لە سەردەمی ئیپمڕاتۆڕیەتی عوسمانیدا، زۆربەی بەرپرس و والییەكان تورك نەبوون و سەر بە نەتەوەی تر بوونە، بۆیە بەشێكی زۆری رۆشنبیرانی توركیا، لەگەڵ ئەوەدان كە لە هەمواركردنەوەی دەستووریی توركیا، گرنگە وشەی توركیا لە بری وشەی تورك بنووسرێت، كە ئەمەش خواستی كوردە”.


































































