د. بارزان سهباح
ڕژێمی لەناوچووی بەعس؛ وەك ئایدۆلۆژیا و كەلتوور و سیستەم، (٤٢) سال بەر لە ئەمڕۆ هەوڵی دووبارەكردنەوەی ئەو مۆدێلە فاشیزم و نازیزم’ـەیدا بۆ لە ناوبردن و سڕینەوەی میللەتێك، وەك كۆپییەكی فاشیزمانەی عەڕەبی، بۆ سڕینەوەی ناسنامەی میللەتی كورد لە ژێر ناوی (ئـــەنفـــــال) خۆی دەرخست.
ئەنفال تراژیدیایێكی سۆسیۆلۆژی و سیاسی بوو، بۆ لەناوبردنی دیاردەیەك بوو كە پێی دەگۆترا: (كوردبوون)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرەتایەكی تازە و جیاوازبوو بۆ دۆخی بەرگری، نەكەوتن و نەچەماندن لە دیدی شۆڕشگێرەكان و كوردپەروەران، بە سەركردایەتی بارزانی نەمر، چونكە بە هۆی شاڵاوی ئەنفالەوە نەتوانرا كۆمەڵگەیەكی بێ پڵوڕاڵیزم و فرە ئیتنیك بنیادبنرێت، بەڵكو شەپۆڵی جیاوازبوون و لەیەكنەچوونی كۆمەڵگەی گەورەتركرد. هاوكات، بە ئاشكرا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جیاوازی و ناكۆكییەكانی عێڕاق و كوردستان سەریان هەڵدەدا.
ئەنفال بۆ ئێمەی كورد, نەك هەر برینێكی ساڕێژنەكراو نییە، بەڵكو تاوانێكی قێزەون بوو دژ بە مرۆڤایەتی، كە لەسەر بنەمایەكی دڕندانە و بە مەبەست، كە ئامانج لێی لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوەی كورد بوو، وەك پرسی لەناوبردنی ناسیۆنالیزمی كوردی.
ئەنفال كردنی (٨٠٠٠) بارزانی، لە لایەن دیكتاتۆرێكی فاشیزم، زامێكی لەبیرنەكراوی لە دڵی هەزاران دایك و ژنی خۆڕاگری بارزانی و تەواوی میللەتی كورد بەجێهێشت.
بەم بۆنە خەمناكەوە، سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییانەی بەسەر گەلەكەماندا هاتووە، دووپاتی دەكەینەوە؛ كە كوردبوون قوڕسە بەلام شانازی بە كوردبونمان دەكەین، بە ڕابەرایەتی جەنابی (سەرۆك بارزانی)، و بە هەموو ڕەنگ و بیروڕا جیاوازەكانەوە، كار دەكەین بۆ پاراستن و پێشخستنی هەرێمی كوردستان، بۆ داهاتوویێكی پڕشنگدار.

































































