زانكۆ و پەیمانگەكان لە جیاتی خوێندن بوونەتە شوێنی خۆنمایشكردن و كات بەسەربردن
مستەفا دۆلەمەری – زاری كرمانجی:
زانكۆ بە ناوەندێكی گرنگی ئەكادیمی لە هەموو وڵاتێك دادەنرێت، شوێنێكە بۆ پێگەیاندن و پێگەیشتن، لەم ڕاپۆرتەدا مەبەستمانە بپرسین ڕۆڵی زانكۆ و پەیمانگەكان چییە، ئایا قوتابییان بۆ فێربوون دەچنە زانكۆ و پەیمانگەكان یان تەنیا بۆ خۆ نمایشكردن و كات بەسەربردن.
سۆزێ تەها ئەحمەد، دەرچووی زانكۆ، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: بەو پێیەی بۆ ماوەی چوار ساڵ قوتابی زانكۆ بوومە، بەركەوتەی زۆرم لەگەڵ قوتابییان هەبووە و بەپێی ئەو ئەزموونەی كە هەم بووە، پێویستە ئەو ڕاستییە بزانین كە زۆرینەی قوتابییان بۆ خۆنمایشكردن و عەرزكردنی خۆیان و جلوبەرگ، ئۆتۆمبێلەكانیان دێنە زانكۆ، زۆرینەی قوتابییان لەبەر نەبوونی سەقافەتێكی زانستی لەسەر ئەو بەشەی كە بۆی دەڕوات و نەبوونی هیچ خواست و هیوایەك تێیدا ناچار دەبێت ئەو بابەتە عیلمیە و فەراغەی كە دەبێت وەریبگرێت بە خۆ نمایشكردن پڕ بكاتەوە، ئەمەش هۆكارەكەی دەگەرێتەوە بۆ ئەو ململانێیەی كە لە نێوان نمرە و ئەو بەشەی كە لێی وەرگیراوە، ئەوەش وادەكات قوتابی بەڕێگەیەكی هەڵەدا بڕوات.
ئەو قوتابییە، زیاتر دەڵێ: هۆكارێكی دیكە وا لە قوتابی دەكات كە بۆ خۆنمایشكردن بڕواتە زانكۆ، ئەویش نەبوونی ئەو سەقافەتە كۆمەڵایەتییە كە بەهۆی ژینگەی چەند ساڵەی خوێندن دەستی كەوتووە، قوتابییەك لە هەر ڕەگەزێك 6 ساڵ لە خوێندنگەیەكی تایبەت بە كچان یان كوڕان خوێندوویەتی و جارێكی دیكە تێكەڵبوونی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر وادەكات كە ئەوەندەی گرینگی بە خۆ جوانكردن و خۆ عەرزكردن بدات گرینگی بە خوێندنەكەی نەدات.
شەهلا حەسەن، قوتابی زانكۆی سۆرانە، بۆ زاری كرمانجی ئاماژەی بەوەدا: زانكۆ شوێنێكە بۆ زانست و گەشەكردن، دۆزینەوەی ئەزموونی كەسی، زانكۆ بۆ ئەوەیە بیركردنەوەی قوتابی بەرەوپێشببات و دەرفەتیان بۆ برەخسێنن، قوتابی ئامادە بكات بۆ قۆناغی داهاتوو، بەڵام بۆ بەشێك لە قوتابییان زانكۆ زیاتر وەكو سەكۆیەك دەردەكەوێت یاخود شوێنێكە بۆ نیشاندانی دەوڵەمەندی و خۆنمایشكردن، زانكۆ وەكو شوێنێك داناوە بۆ خۆدەرخستن و سەرسامكردنی كەسانی دەوروبەریان، لە جیاتی ئەوەی گرینگی بە پەروەردە بدەن.
شەهلا، دەشڵێت: هەندێك قوتابی هەن كە سەرنج دەدەنە خوێندن و ئامانجە كەسییەكانیان، بەبێ ئەوەی هەست بە فشار بكەن بۆ ڕكابەری لە ڕووی دەركەوتن یان دەوڵەمەندی، وا بیردەكەنەوە كە سەركەوتنی ڕاستەقینە بە نرخی جلوبەرگەوە ناپێورێت، بەڵكو بەو زانست و ئەزموونەی كە هەیەتی.
ئیمان عیماد، قوتابی زانكۆیە، سەبارەت بەوەی كە قوتابییان بۆ فێربوون دەچن بۆ زانكۆ و پەیمانگەكان یان بۆ خۆ نمایشكردن، گوتی: شتێك كە بەردەوام تێبینیم كردبێت ئەوەیە كە چەندین قوتابی بە وریاییەكی زۆرەوە لە دەركەوتنیان دێنە زانكۆ، تەنانەت هەندێك جار ستایلەكەیان ئەوەندە سەرنج ڕاكێش دەبێت كە سەرقاڵت دەكات بەوەی كە ئایا ئامانجی ڕاستەقینەی بوونیان لە زانكۆ خوێندنە یاخود خۆنمایشكردنە، لە زۆر كاتدا ئەو تێروانینە هەڵەیە دروست دەبێت كە زۆربەی قوتابییان تەنها بۆ نمایشكردنی خۆیان دەچنە زانكۆ، پێموایە ئەمە گشتاندنێكی نادادپەروەرانەیە، قوتابیم بینیووە و ناسیومە، هەندێكیان بەشێوەیەكی باوەرپێنەكراو پابەندن بە فێربوون و زۆر جار بەرەنگاری لەگەڵ ماندوێتی دەروونی و جەستەیی دەكەن لە خوێندنیان.
ئازاد فازڵ، دەڵێت: هاوڕێم هەیە باوكی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام هەر ڕۆژە و بەجلێك ناهێت بۆ زانكۆ و ڕۆژانە پارەیەكی زۆر كەم سەرف دەكات، ئەگەر بیەوێت ئەتوانێت هەر ڕۆژە و بە جلوبەرگێك و ئۆتۆمبێلێك بێتە زانكۆ، بەڵام نایەوێت خۆی دەربخات و دەڵێت من بۆ خوێندن دێمە زانكۆ بۆ وابكەم هاوڕێكانم هەست بە كەمی خۆیان بكەن بەرامبەرم.
ئازاد، ئاماژەی بەوەشكرد: هەموو كاتێك قوتابی پێویستە تەماشای خوارووی خۆی بكات نەوەكو سەرووی خۆی و ئەو فشارەش نەخاتە سەر دایك و باوكی، بۆ ئەوەی دایك و باوك خەیاڵیان لا نەبێت كە ئەچن بۆ خوێندن واتە هەوڵبدەن هاوڕێكانی وانە لێ وەربگرن نەك ئەو وانە لە ئەوانی دیكە وەربگریت.
دلین سیروان، قوتابی زانكۆ، بە زاری كرمانجی گووت: من بە نمرەیەكی زۆر بەرز چووم بۆ زانكۆ و ئەكید بۆ خوێندن ڕۆیشتم، بەڵام لە ئێستادا كە دەچیتە زانكۆ بۆ خوێندنیش بچیت، ناچاریت ڕوو لەو شتانە بكەی كە دەوروبەرت دەكەن، چونكە ئێستا زانكۆ بۆتە شوێنی جلوبەرگی جوان، ڕسم گرتن و سناپكردن، ئەوەی كە بۆ خوێندنیش دەچێتە زانكۆ بەكەسێكی گۆشەگیر ناو دەبرێت، من سەرەتا بۆ خوێندن چوومە زانكۆ نەك بۆ گەڕان و چوونەدەر و خۆنمایشكردن، بەڵام پێویست بوو خۆم لەگەڵ كەشەكە بگونجێنم و وەكو قوتابییانی تر هەڵسوكەوت بكەم.






























































