زاری كرمانجی – سۆران :
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی بیركردنەوەی شۆڤێنیستی دەكاتەوە و داواش لە حكومەتی فیدراڵ دەكات قەرەبووی كەسوكاری قوربانییانی ئەنفالی بارزانییەكان بكاتەوە.
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دوێنێ هەینی 1ـی ئابی 2025، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت”لەم ڕۆژە پڕ لە ئازارەدا یادی 42 ساڵەی ئەو كۆمەڵكوژییە دەكەینەوە، كە ڕژێمی پێشووی عێراق بەرانبەر بە زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتی بێتاوانی بارزانی ئەنجامی دا، كۆمەڵكوژییەكە یەكێكە لە قێزەوەنترین تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی لە مێژوودا.”
لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە “ئەمڕۆ بە ڕێز و شكۆوە لە بەردەم ڕۆحی ئەو شەهیدانەدا وەستاوین، كە تاكە تاوانیان ئەوە بوو ڕۆڵەی گەلی سەربەرزی كوردستان بوون، كە بۆ بەرگریكردن لە دۆزی دادپەروەرانەی خۆیان ڕاپەڕی بوون، چیرۆكە تیراژیدی و پڕ لە ئازارەكانیان تا ئێستاش لە ویژدانی هەموو كوردێكدا بە زیندوویی ماوەتەوە.”
فراكسیۆنی پارتی داوا لە حكومەتی فیدراڵی دەكات، قەرەبووی كەسوكاری قوربانییانی ئەنفالی بارزانییەكان بكاتەوە و جەخت لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی بیركردنەوەی شۆڤێنیستی كردەوە، وەك خۆیان ئاماژەی پێ دەكەن، ئەو جۆرە بیركردنەوەیە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەكات.
ئەنفالی بارزانییەكان :
42 ساڵ بەر لە ئێستا و لە 31ـی تەممووزی ساڵی 1983، ڕژێمی پێشووی عێراق هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی 90 ساڵان بە زۆر ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە كۆمەڵكوژی كردن.
ئەو تاوانە بەشێك لەو تاوانانە بوو كە بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی 12 هەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆری هاووڵاتیانی كورد.


































































