موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
لە سنووری بەڕێوەبەری گشی شارەوانییەكانی سۆران، دروستكردنی خانوو بە فەرمی ڕاگیراوە، ئەمەش نیگەرانی هاووڵاتییانی لێ كەوتۆتەوە، زاری كرمانجی وردەكاری بڵاو دەكاتەوە.
خەسرۆ ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” سەرجەم ئەو زەویانەی كە تاپۆیان نییە لە سنووری 22 شارەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییمان دروستكردنی خانوو بەفەرمی ڕاگیراوە و هەر كەسێك خانوو دروست بكات دەچێتە چوارچێوەی زێدەڕۆیی .
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت:” ئامانجمان لەو بڕیارە پاراستنی سەرۆك شارەوانییەكانە لە دروستبوونی گرفتی یاسایی، چونكە لە دەسەڵاتی هیچ سەرۆك شارەوانییەكدا نییە مۆڵەتی دروستكردنی خانوو بەو هاووڵاتییانە بدەن كەوا موڵكەكانیان تاپۆ نییە .
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆران، دەشڵێت:” ئەگەر سەنەدی تاپۆ نەبێت، ناتوانرێ بە میكانزمێكی دیكە ڕێگە بە هاووڵاتییان بدەین خانوو دروست بكەن، بۆیە نوسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی كردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەك بۆ ئەو شارەوانیانەی كە تاپۆیان نییە”.

































































