
ڕۆژنامەی “ئۆرشەلیم پۆست” لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی تەکنیکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گەشت بۆ تاران بکات.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، شارەزایانی تەکنیکی ئاژانس لەم سەفەرەدا هەوڵی دەستپێکردنی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەدەن بۆ گەڕاندنەوەی چاودێریی ئاژانس بۆ شوێنە ئەتۆمییەکان.
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست نووسیویەتی، هیوادارە ئەم وتووێژانە ببنە پێشەکییەک بۆ دیدارە باڵاکانی نێوان ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەم ڕاپۆرتە تایبەتە باس لەوە دەکات، وێنە نوێیەکانی مانگی دەستکرد دەریدەخەن کۆماری ئیسلامی دەستی بە چالاکییەکانی کردووە لە هەندێک دامەزراوە ئەتۆمییەکان کە لە کاتی شەڕدا زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوە جۆراوجۆرەکان مەزەندە دەکەن ئەم چالاکییانە چڕییەکی بەرچاویان نییە و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوەندە بۆردومانکراوەکانەوە ناگرێتەوە.
هەینی ڕابردوو، جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا (وڵاتانی ئەوروپیی بەشدار لە ڕێکخراوی JCPOA) لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە ئەستەنبوڵ کۆبونەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ. دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوایی بە ڕۆژنامەی “ئۆرشەلیم پۆست”یان ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەکە پڕ بووە لە بێزاری، بەو پێیەی ڕایانگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی هێشتا پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم لە هەر ڕێککەوتنێکی نوێدا دەکات و تا ئەو هەڵوێستە بەردەوام بێت، هیچ پێشکەوتنێک بەدی نایەت.

































































