مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی مەدا، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراقدا لیستێكی ناوی باڵیۆزە نوێیەكانی عێراق كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ڕەوانەی پەرلەمان كراوە، ناڕەزایەتییەكی بەرفراوانی عێراقییەكانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە ڕاپۆرتەكەی مەدا هاتووە “ناوەكانی ناو لیستەكە، كەس و كاری كەسایەتییە سیاسییەكان و ئەندامانی پەرلەمانی خولەكانی پێشوو و هەروەها چەندین كەسی نەشیاو لە دەرەوەی مەرجە سەرەكییەكانن لە خۆ دەگرێت.”
حەیدەر سەلامی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان لەمبارەوە ڕایگەیاند “ئەو لیستە شتێكی سەرسوڕهێنەر نییە بۆ عێراق، چونكە ئەم وڵاتە لەسەر پشك پشكێنە بەڕێوە دەچێت.”
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا لیستەكەی ڕەت كردەوە و ڕاگەیاند “لیستەكە ڕاست نییە و دروستكراوە.”

































































