لە گۆڕستانی جینۆسایدكراوەكانی بارزان یادەكە دەكرێتەوە
ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی تێدەپەڕێت، هەر بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ لەسەر گۆڕستانی بارزانییەكان لە بارزان ئەو یادە بەرز ڕادەگیرێت، كەسوكاری ئەنفالكراوە بارزانییەكانیش داواكارن لە حكوومەتی عێراق قەرەبوویان بكاتەوە.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١/٧/١٩٨٣ بە پیلانێكی پێشتر بەرنامە بۆ داڕێژراو حكوومەتی ئەو كاتی بەعس بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن و قیادەی بەناو شۆڕش لە ڕێگەی ئەمنی شیمالەوە هەڵمەتی ڕەشبگیری بارزانییەكان دەستی پێ كرد و لە كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە، بەحركە و دیانا 8000 هەزار بارزانی دەستگیر كران و ڕاگواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و لە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵدا زیندە بە چاڵكران، تا ئێستا ڕووفاتی 696 كەس دۆزراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی باب و باپیران لە بارزان، بەشێكی زۆر لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان هێشتا چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی رووفاتی كەسوكاریانن بۆ باوەشی نیشتمان و هەمووشیان هیواخوازن حكوومەتی عێراق مافەكانیان دەستەبەر بكات.
سەدام حوسێن، سەرۆكی گۆڕبەگۆڕی ڕژێمی بەعس خۆی ددانی بەوەنا كە تاوانی بەرامبەر بە بارزانییەكان ئەنجام داوە و ئەوەش بەڵگەیەكی مێژووییە لەسەر دڕندەیی بەعس بەرامبەر بە گەلی كورد.
رژێمی بەعس، پێش ئەوەی دەست بە ئەنجامدانی شاڵاوەكانی تاوانی ئەنفال بكات، لە كۆتایی ساڵی 1986و بەدرێژایی ساڵی 1987 كۆمەڵێك ئۆردگای زۆرە ملێی دروست كرد، كە ئامانج لێی كۆكردنەوەی زۆرترین خەڵكی بەشێك لە شارو شارۆچكەو گوندەكان بوو لەنێو ئەم ئۆردگایانەدا، دوای شاڵاوەكانی تاوانی ئەنفالیش ئەو خەڵكەی لە پەراوێزی شاڵاوەكە بەهەر شێوەیەك رزگاریان بوو، بە تۆبزی لەم ئۆردگایانە نیشتەجێكران.
سەبارەت بە هەر هەشت قۆناغەكەی شاڵاوەكانی ئەنفال، لە راپۆرتێكی شارەزایانی نێودەوڵەتیدا هاتووە، 2451 گوند روخێنراون و لەسەر زەوی سڕاونەتەوە، نزیكەی 1344 قوتابخانە تێكدراون و رووخێنراون، 2027 مزگەوت تێك دراون و روخێنراون، 182 هەزار هاووڵاتی كوژراون یان لە سێدارە دراون یان بێسەرو شوێنكراون، سەدان خێزان ئاوارەی توركیا و ئێران بوون، دەست بەسەر هەموو سەروەت و سامانی هاووڵاتیان بە تایبەت بەرهەمە كشتوكاڵیەكانیاندا گیرا، وێرانكردنی ژینگە و سوتاندنی رەزو باخەكانیان، دەست گرتن بەسەر تەواوی سامانی ئاژەڵی هاووڵاتیان، بەكارهێنانی سیاسەتی سوتاندنی خاك، مینڕێژكردنی ناوچەكان بۆ ئەوەی رێگربێت لە گەڕانەوەی هاووڵاتیان.
كوردستانیان و كورد، سەرگۆزەشتەی زۆر تاڵیان لەگەڵ دڵڕەقی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و لە پێش هەموویانەوە رژێمی بەعسدا هەیە، چیرۆك و گێڕانەوەی ئەو سەرگوزەشتانە، بە كۆتا نایەت، رۆژ دوای رۆژیش بەڵگەو دیكۆمێنتی نوێ لەم بارەیەوە بەردەست دەكەون.
كاوە كەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: بەسەرپەرشتیی نووسینگەی بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی لە دەڤەری بارزان، یادی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان بەرز ڕادەگیرێت، لەو یادەدا ئەوە بەبیر خەڵكی كوردستان و جیهان دێنینەوە، تاكە تاوانی هەشت هەزار هاووڵاتیی سڤیلی بارزانی كوردبوون بووە، كە دوور لە هەموو بەهایەكی ئایینی و مرۆڤایەتی لەلایەن ڕژێمی ئەوكاتی عێراقەوە شەهید كران.

































































