ڕاپۆرت-زاری كرمانجی
بەپێی ئامارێك زیاتر لە هەشت هەزار كرێكاری ناوخۆیی و بیانی لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكارانی سۆران، تۆمار كراون، بەشێك لەوانە بەتایبەت كرێكارە ناوخۆییەكان چەندین ساڵە كاردەكەن و خوازیارن هاوشێوەی فەرمانبەران و چین و توێژەكانی دیكە، خانەنشین بكرێن و داهاتوویەك بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن.
خالید حسێن، هاووڵاتییەكی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: من و سەدان كرێكاری دیكەی سنوورەكەمان ساڵانێكە كاردەكەین و بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵ و خێزانەكانمان لەسەر كاری كرێكارییە، لە كاتێكدا هەندێك لەو كرێكارانە خەریكە تەمەنیان بەسەر دەچێت و توانای كاركردنیان نەمێنێت، منیش زۆرجار خۆم بیر لەوە دەكەمەوە ئەگەر پیربم و توانای كاركردنم نەمێنێت، ئایا لەكوێ سەرچاوەی داهاتمان پەیدابكەین.
ئەو كرێكارە دەشڵێت: هیوادارین كرێكارانیش هاوشێوەی فەرمانبەران و چین و توێژەكانی دیكە خانەنشین بكرێن، ئەگەرچی زۆرجاریش گوێبیستی ئەوە بووینە دەوترێت كرێكارانیش مافی خانهەنشین بوونیان هەیە بەڵام نازانین شێوازو ڕێنماییەكان چین، بۆیە پێویستە جاربەجار لایەنە پەیوەندیدارەكان خولی لەو شێوەیە بۆ كرێكاران بكەنەوەو زانیاریان بۆ بخرێتە ڕوو لە شێوازی كاركردن و ئایندەیان.
لای خۆیەوە هەژار یونس، بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكارانی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: سنوورەكەمان فراوانە و چەندین شار و شارۆچكە و گوند و ناوچە لە خۆدەگرێت، ئەوەش وایكردووە جگە لە كرێكارانی ناوخۆیی خەڵكی بیانییش ڕوو لە دەڤەرەكەمان بكەن، بەمەبەستی ڕەخساندنی هەلی كار بۆیان، بەتایبەتیش ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كاردەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا لێرە سەر و ماڵ و مافەكانیان پارێزراوە”.
گوتیشی: بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان زیاتر لە 8600 كرێكاری ناوخۆیی و بیانی لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان تۆمار كراون، لەوانە 8000 كرێكاری ناوخۆیی و 600 كرێكاری بیانین، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی شارەكانی عێراقیش بۆ كاركردن ڕوویان لە شار و شارۆچكەكانی ئیدارەی سۆران كردووە، بەتایبەت بەشێك لەوانەی لەكاتی ئاوارە بوونیان بۆ دەڤەرەكە تائێستا نەگەڕاونەتەوە، زۆربەی كرێكارانیش كاری (پێشەوەری، ناوچەی پیشەسازی، ئارایشگە، نانەواخانە، خواردەمەنییەكان، سەنتەرەكان، ناوچە گەشتیارییەكان، مۆڵەكان، بیناسازی، پاككەرەوە) لەم شوێنانە و چەندین شوێنی دیكە كار دەكەن، لەكاتی سەردانی كردنیان ئێمەش لای خۆمان ئیش و كارەكانیان بۆ ڕایی دەكەین و لای ئێمە مافەكانیان پارێزراوە.
بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكارانی سۆران، دەشڵێت: كرێكارانیش هاوشێوەی فەرمانبەران و چین و توێژەكان مافی خانەنشینبوونیان هەیە، بۆ ئەمەش چەند ڕێنمایی و مەرج هەنە بۆ ئەوەی یاسای خانەنشینبوون بیان گرێتەوە، بۆ نموونە پێویستە ئەو كرێكارە ناوی لای ئێمە تۆمار كرا بێت و 25 ساڵ كاركردنی بەردەوامی هەبووبێت، هەروەها ئەگەر كرێكارێك تووشی ڕووداوێك بووبێت لەكاتی كاركردنیدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر كرێكارێك نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت و توانای كاركردنی نەبێت، دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن و مامەڵەی خانەنشینبوونیان بۆ دەكرێت، بەپێی خزمەتی ساڵانەیان و چەند ڕێكارێكی دیكە مووچەی مانگانەی خانەنشین بوونیان بۆ دەبڕێتەوە”.
لە دوا قسەكانیدا هەژار یونس، بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكارانی سۆران، داواكاربوو لەو كەسانەی كە لە كەرتی تایبەت یان هەر شوێنێكی دیكە كاردەكەن، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بكەن، بۆ ئەوەی ناوەكانیان تۆمار بكرێت و دۆسیەی پێویستیان بۆ بكرێتەوە، تا لە خانەنشین بوون و گشت ئەو ماف و ئیمتیازاتانە سوودمەند بن كە تایبەتن بە كرێكاران.

































































