موڕشید برادۆستی – سیدەکان :
ئەمڕۆ دووشەممە، پرۆژەی گەڕەکی برادۆست لە سنووری ناحیەی سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کۆتایی پێ دەهێنرێت و قیڕ دەکرێت و دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان .
لەو بارەیەوە، عەبدولقادر ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی سیدەکان بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” گەڕەکی برادۆست لە حەوت کۆڵان پێکهاتووە و ڕێژەیەکی زۆری دانیشتووی لێیە، بە گوژمەی 140 ملیۆن دینار لە لایەن کۆمپانیای ” سکا “ی لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کراوە، قیرتاوکردنی ئەو گەڕەکە یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی سنووری شارەوانییمان و ئەمڕۆ کۆتایی پێ دەهێنرێت .
سەرۆکی شارەوانی سیدەکان، ئهوهش دەڵێت:” کارەکانی پرۆژەی گەڕەکی برادۆست، پێکهاتوو لە ڕێکخستن و کردنەوە و تێکەڵ ڕێژکردن و دروست کردنی ئاوەڕۆ، هەروەها دانانی کرپستۆن و دروست کردنی دوو ڕێگا، دواجار هەشت هەزار مەتر چوار گۆشە قیڕ لەو گەڕەکە کراوە، پرۆژەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران و سەرۆکایەتی شارەوانیمان سەرپەرشتی و چاودێری دەکرێت، ئەمڕۆ کۆتایی بە قیڕ کردن لەو گەڕەکە دەهێنرێت، ئاسانکاری زۆر بە دانیشتووانانی دروست دەکات .
عەبدولقادر ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی سیدەکان، ئاشکراشی دەکات:” لە داهاتوویەکی نزیک دەرخەستەی سەرجەم ئەو گەڕەک و کۆڵانانە دەکەین کە پێویستییان بە خزمەتگوزاری سەرەتایی و قیڕ کردن هەیە، بۆ پلانی ساڵی 2023 کۆمەڵێک لە پرۆژەی دیکە جێبەجێ دەکەین، لە دەستپێکی کارەکانیشمان لە ساڵی ئایندە، تەواوی خزمەتگوزاری سەرەتایی بە قیڕ کردنیشەوە دەگەیندرێتە گەڕەکی ئازادی سیدەکان و چەند شوێنێکی دیکە .