بابەتی سێیەم: كشتوكاڵ و بەرهەمی خۆماڵی، گەنجینەیەكی لەبیركراو

كامەران ئیبراهیم شێروانی
لە پشت تاجە شكۆدارەكەی چیاكانی سۆران و لەودیو هاژەی تاڤگەكانەوە، ڕۆحێكی تری ئەم خاكە خۆی حەشارداوە. ڕۆحێك كە تەنها بە چاو نابینرێت، بەڵكو بە زمان تام دەكرێت و بە هەناسە بۆن دەكرێت. ئەمە چیرۆكی ئەو بەرەكەتەیە كە لەناو دڵی زەوییەوە هەڵدەقوڵێت، تامی سێوێكی سووری باڵەكایەتی كە تیشكی خۆری كوێستانەكان ڕەنگی كردووە، بۆنی هەنگوینی ڕەسەنی برادۆست كە لە هەزاران گوڵی كێوی دروست بووە، و چێژی گوێزێكی چەوری بناری هەندرێن كە بە ئاوی بەفراوەكان تێر بووە. ئەم بەرهەمانە تەنها خۆراك نین، بەڵكو كورتكراوەی جوگرافیا و مێژووی ئەم دەڤەرەن. بەڵام ئەم گەنجینە گرانبەهایە، زۆربەی كات بە نرخێكی هەرزان و بێ بەها دەفرۆشرێت، چونكە گەورەترین سەرمایەی خۆی لەدەستداوە: چیرۆكەكەی.
تراژیدیاكە لێرەوە دەست پێدەكات؛ كاتێك بەرهەمێكی خۆماڵی، كە ئارەقەی نێوچەوانی جووتیارێكی ماندوو و بەرەكەتی ساڵێك چاوەڕوانیی خاكێكی بەپیتی لە پشتە، دەخرێتە ناو سندوقێكی پلاستیكیی بێناوەوە و لە بازاڕدا تەنها دەبێتە ژمارەیەك لەسەر تەرازوو. لەو ساتەدا، ناسنامە و ڕەسەنایەتی دەمرن و تەنها نرخی ماددی دەمێنێتەوە. ئەمە كوشتنی ڕۆحی بەرهەمەكەیە لەناو بێدەنگیی سندوقێكدا. ئێمە خاوەنی زێڕین، بەڵام وەك مس دەیفرۆشین، چونكە نەمانتوانیوە درەوشاوەییەكەی نیشانی دنیا بدەین. كێشەكە كەمیی بەرهەم نییە، بەڵكو نەبوونی ئەو زمانەیە كە چیرۆكی ئەم بەرهەمە بۆ كڕیار بگێڕێتەوە و ئەو پەیوەندییە ڕۆحییە لە نێوان خاك و مرۆڤدا دروست بكاتەوە.
چارەسەر، پێدانی “زمان” و “ناسنامە”یە بەم گەنجینانە. كلیلی چارەسەر لە دەستی گەنجی داهێنەردایە كە ببێتە پردی نێوان ڕەنجی جووتیار و بازاڕ. دەبێت پرۆسەی براندسازی (Branding) بە شێوەیەكی زانستی و هونەری دەست پێبكات. با چیتر بەرهەمەكانمان بێناو نەبن. با “هەنگوینی شاخەكانی سۆران” یان “سماقی ڕەسەنی بارزان” ببێتە براندێكی تۆماركراو، بە پاكێجێكی شیك و سەرنجڕاكێشەوە كە نەخش و نیگاری كەلەپووری كوردی لەسەر بێت، لەگەڵ ناسنامەیەكی كورت كە چیرۆكی ئەو دۆڵ و شاخەی لێی هاتووە، بگێڕێتەوە. با چێشتخانە و هۆتێلەكانی دەڤەرەكە، شانازی بەوەوە بكەن كە لەبری بەرهەمی هاوردە، دۆشاوی ترێی خۆماڵی و پەنیر و ماستی لادێیەكەی خۆیان دەخەنە سەر خوانەكانیان و لەسەر مینیوەكانیان بە شانازییەوە بنووسن: “ئەم ژەمە بە پەنیر و كەرەی گوندی فڵان ئامادە كراوە”.
هەروەها، دەتوانین دەرگایەكی نوێ بكەینەوە بە ناوی “گەشتوگوزاری كشتوكاڵی” (Agri-tourism). با فێستیڤاڵێكی ساڵانەی “چنینەوەی بەروبووم” ڕێك بخرێت، كە تێیدا گەشتیار خۆی لەگەڵ خێزانەكەی بەشداری لە چنینەوەی سێو و ترێ و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بكات و هەست بكات بەشێكە لەم خاكە و لە كۆتاییدا بەرهەمی دەستی خۆی بكڕێتەوە. با كارگەی بچووكی پیشەسازیی خۆراكی دابمەزرێنرێت كە وەك سەنتەری نمایش كار بكەن؛ شوێنێك كە كڕیار بتوانێت سەردانی بكات و بە چاوی خۆی ببینێت چۆن سێوەكە دەبێتە سركە یان شەربەتێكی سروشتیی بێ ماددەی پارێزەر.
لە كۆتاییدا، دەبێت لەوە تێبگەین كە خاكی سۆران تەنها بۆ جوانیی دیمەنەكانی بەپیت نییە، بەڵكو بۆ چاندنی بیرۆكەی نوێش بەپیتە. ڕاستەقینەترین وەبەرهێنان، گۆڕینی بیركردنەوەمانە؛ لە فرۆشتنی بەرهەمی خاوەوە بۆ دروستكردنی براندێكی بەهێز و فرۆشتنی ئەزموونێكی لەبیرنەكراو. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، چۆن دەتوانین ئەم چیرۆك و براندە جوانانە بە كڕیارەكانی ناوەخۆ و دەرەوەش بناسێنین؟ لە بابەتی داهاتوودا، وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە و باس لە هێزی ئابووریی دیجیتاڵی و كاری ئۆنلاین دەكەین وەك كلیلی كردنەوەی دەرگا داخراوەكان.


































































