مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گەنجان توێژێكی كارا و بەهێز و كاریگەرن، ئەگەر سوود لە توانا و لێهاتووییان وەربگیرێت، ڕۆڵی بەرچاو دەبینن لە پێناو گەشەپێدان و پێشكەوتنی كۆمەڵگە، ئەو توێژە هەمیشە بەرپرسیاریەتی نوێی لە ئەستۆ دەگرن و گرنگی بە خانەوادە و بەشداری لە داهاتی خێزان دەكەن و دەبنە كارەكتەری سەرەكی لە گۆڕینی كۆمەڵگە و نەتەوەكانیان.
لە هەرێمی كوردستان، ڕێژەی گەنجان نزیكەی 60 % كۆمەڵگە پێك دەهێنن، ئەوان دەخوازن لە پێناو ئایندەیەكی گەشتر و بەرەوپێشبردنی نیشتمانەكەیان ڕۆڵیان هەبێت.
مستەفا محەممەد : بەشێك لە گەنجان تووڕەن لە هەموو شتێك، دەبێت ئاشت بكرێنەوە
“پێویستە لە ڕێگەی بەرنامە و شێوازی پەروەردەیی، كار لەسەر دەرخستنی توانای گەنجان و ئامادەكردنیان بكرێت تا ڕۆڵیان هەبێت لە خزمەتكردنی كۆمەڵگەكەیان”، ئەمە قسەی مستەفا محەممەد ە كە پێی وایە لە ئێستا بەشێك لە گەنجان تووڕەن لە هەموو شتێك و هیچ پەیوەست بوونێكیان نەماوە بە كۆمەڵگە و خاك و نیشتمانەوە، ئەو دەڵێ”بە هەر شێوەیەك بێ دەبێت گەنجان ئاشت بكرێنەوە و دەرفەتی كار و ڕۆڵگێڕانیان پێ بدرێت لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگەكەیان”،
مستەفا زیاتر قسە لەسەر پەروەردە و كاریگەرییەكانی میدیا و تەكنۆلۆژیا دەكات و دەڵێ”پەروەردە دەكرێت لەسەر بنەمای ئەزموونەكان و لە پرۆسەی گۆڕان لە ژیانی تاك و كۆمەڵگەدا بكرێت، چونكە ئەو هێزانەی كاریگەریان لەسەر گەشەی فیكری و سۆزداریی گەنجان هەیە سنووردار نین، واتا كار دەكەنە سەر گەنجان لە ڕێگەی میدیا و تەكنۆلۆژیا و خێزان و هاوتەمەن و كۆمەڵگەی فراوانتر و دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان، ئەو پەیامانە دەگوازنەوە كە ڕەنگە وا لە گەنجی ئێمە بكات تووشی سەرلێشێواویی بكات و لە سوچێكی كۆمەڵگەدا داخراو و گۆشەگیریان بكات، ئەو كات باوەڕی بە هیچ شتێك نامێنێت و تواناكانی لە دەست دەدات، بۆیە پێویستە یارمەتی بدرێن تا ڕێگە ڕاستەكەی خۆیان دەدۆزنەوە و بە پەروەردەیەكی تەندروست هاوكاری بكرێن بۆ ناسینەوە و دۆزینەوەی خۆیان و دەربڕینی تواناكانی خۆیان.”
شەماڵ حەمەدەمین : گەنجان بە هزر و بیری خۆیان دەتوانن گۆڕانكاری گەورە ئەنجام بدەن
شەماڵ حەمەدەمین دەڵێ”كاتێك مرۆڤ سەیری ئەو كاریگەرییانە دەكات كە مێشكی گەنجان و هەرزەكاران پێك دەهێنێت، ئەوە بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە كە هێزێكی زۆر مەزن لە هزر و بیری ئەواندا هەیە، كە دەكرێت گۆڕانكاری تەواو لە هەر كۆمەڵگایەدا بكەن كە ئامانجیان پێشكەوتن و بەهێزبوون بێ،”
ئەوەش دەڵێ”بەرپرسیاریەتی بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە دەكەوێتە ئەستۆی گەنجان بە نێر و مێیەوە، بە هەمان شێوە دروستكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ئەم پرۆسەیە، ئەركی حكومەتە بەبێ گەیشتن بە زانستی بەشداری كاریگەرانەی گەنجان لە كاروباری كۆمەڵگەكانیاندا ناكرێت، بۆیە پێویستە تەوەری سەرەكی پرۆسە پەروەردەییەكان لەسەر بنیاتنانی توانای گەنجان بێت بۆ بەشداریكردنێكی تەواو وەك كارەكتەرە سەرەكییەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی.”
شاناز مەعروف : پێویستە كچانی گەنج ڕۆڵی خۆیان لە پێشخستنی كۆمەڵگەدا ببینن و جیاكارییەكانی نێوان هەردوو ڕەگەز لا ببەن
شاناز مەعروف نایەكسانی و جیاوازیی ڕەگەزی، بە ڤایرۆسێك ناو دەبات كە جەستەی كۆمەڵگە نەخۆش دەكات و دەڵێ”بۆ ئەوەی گەنجان ڕۆڵی گرنگی خۆیان ببینن، پێویستە نایەكسانی لە گەیشتنی كچان بە پەروەردەی جۆرییەوە بخرێتە بەر باس، پەروەردەی كچان كاریگەرییەكی زیاتری هەیە، چونكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دەرفەتەكان بۆ دەركەوتن و كاركردن، لەگەڵ ئەوەشدا كچان ڕۆڵی ئاگادار و چالاكیان هەیە لە پلاندانانی خێزان و كۆمەڵگەدا،”
دەشڵێت”پێویستی فراوانكردنی دەرفەتی پەروەردەیی بۆ كچان لەسەر ئەو چەمكە سەرچاوەی گرتووە كە یەكسانی نێوان پیاوان و ژنان و كوڕان و كچان واقیعێكی بنەڕەتییە لە واقیعی مرۆڤدا و نەك تەنیا مەرجێكی گونجاو بۆ چاكەی كۆمەڵگە، دەبێت بەشداری تەواویان لە بوارەكانی یاسا و سیاسەت و زانست و تەكنۆلۆژیا و بازرگانی و ئایینی پێویستە.”
عەبدوڵڵا حەسەن : پێویستە حكومەت پشت بە هێزی گەنجان ببەستێت لەپێناو بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز و كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو
عەبدوڵڵا حەسەن باس لەوە دەكات بەشێك لە گەنجان ئامادەن لە پێناو كۆمەڵگە و نیشتماندا ڕۆحی خۆیان بیبەخشن كە خۆشەویستترین شتی ئەوانە، بۆیە دەڵێ”پێویستە حكومەتی هەرێم لە ئاست قوربانیدان و دڵسۆزی گەنجان، كەمتەرخەم نەبێت و هەوڵ بدات هەمیشە پشت بە هێز و ئیرادەی گەنجان ببەستێت لەپێناو بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز و كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، چونكە كاتێ گەنجان پشتی حكومەت و كۆمەڵگە و نیشتمانی خۆیان دەگرن، هیچ هێزێك ناتوانێت زەفەری پێ ببات و پشتی لە زەوی بدات”.

































































