لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێم پلانێکیان بۆ ڕێگرتن لە هاوردەکردنی ئاژەڵ داڕشتووە

فەرمانگەی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕێوشوێنی بەپەلەی گرتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تەبەق لە ناو ئاژەڵاندا، لەوانە قەدەغەکردنی هێنانی ئاژەڵ و بەرهەمەکانیان لە تورکیاوە دوای ئەوەی ئەنقەرە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکەی ڕاگەیاند، هەروەها داخستنی بازاڕەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ.
سامر حەبیب خەفاجی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڤێتێرنەری عێراق بە ڕۆژنامەی الصباحی فەرمی حكومەتی عێراقی ڕایگەیاندووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان پلانێکیان بۆ ڕێگرتن لە هاوردەکردنی ئاژەڵ و بەرهەمەکانی لە سەرجەم دەروازە سنورییەکان لەگەڵ تورکیا داڕشتوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەیەك ڕێكاریان گرتوەتەبەر لەوانە هاتنە ناوەوەی ئاژەڵ تەنها بە بەڵگەنامەی تەندروستی ڤێتێرنەری باوەڕپێکراو دەبێت، لەگەڵ پاکژکردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە تورکیاوە دێن بە دژە ڤایرۆس. لەگەڵ ئەوەشدا ڤێتێرنەرییەکانی موسڵ، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالە بەچڕی چاودرێری بارودۆخەكە دەكەن.


































































