” لێرە دەرنەچوونی قوتابی لە وانە بوونی نییە “
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
لە ووڵاتی سویسرا كچێكی كورد بەناوی (رەوشەن سەڵاح عەلی بەگ رواندزی) وەكو قوتابییەكی كورد ، بەشداری لە پیشانگای ساڵانەی كاری دەستی قوتابخانەكاندا كرد، لە نێو (41) قوتابی بەشدار بوو، توانی پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت. ئەم خاتوونە لەساڵی 2016 لەگەڵ خێزانەكەی لە وڵاتی سویسرا دەژیت.
لەسەر چۆنییەتی بەشدارییكردنی لەم پیشانگایەدا لەرێگەی تەلەفۆنەوە بەسەرمان كردەوە.
رەوشەن لەسەر چۆنییەتی بەشداری كردنی لەم پیشانگایەدا هەندێ زانیاری خستەڕوو گووتی “لە وڵاتی سویسرا پێویستە وەك ئەرك پێش دەرچوونی قوتابی لە پۆلی9 بـۆ پۆلی 10ئەبێ بەكاری دەستی بەشداری پیشانگایەكی قوتابخانە بكات، هەر قوتابییەك بە ئارەزوی خۆی كارێكی دەستی دروست بكات، بۆ ئاسانكاریش هەر قوتابییەك بڕی (50) فرانكی پێ ئەدرێت بۆ كڕینی پێداویستییەكانی كـارەكەی، هەروەها ماوەی دوو مانگیش كاتی هەیە، تا لە رۆژی دیاری كراو بۆ ئەوەی كارەكەی ئامادە بكات، منیش وەك یەكێك لە قوتابیان بەشداری ئەم كێبڕكێیەم كرد”.
زیاتر روونیكردەوە ” دوای ئامادەبوونی سەرجەم كارەكان ئینجا، پیشانگاكەیان لە هەمان قوتابخانە بۆ ساز دەكەن، جەماوەرێكی زۆریش سەردانی پیشانگایەكە دەكەن، لە كۆتاییدا لیژنەییەكی هەڵسەنگاندنیش كە لە مامۆستایانی پسپۆرە پێك دێت، بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانیان لەو پیشانگایەدا، خۆشبەختانە كارەكەی من زۆر سەرنج راكێش بوو لە لایەن لیژنەكە و جەماوەرەوە، بەو هۆیەوە توانیم لە ناو هەموو قوتابیان پلەی یەكەم بە دەست بێنم لە رۆژنامەكانیش وێنەی خۆم وكارەكەی منیان بڵاو كردەوە”.
لە بارەی ئەو بابەتەی لە پێشبەركێ پیشانگە بەشداری پێكردبوو، رەوەشەن رواندزی گووتی ” كارەكەی من بریتی بوو لە دروستكردنی ئەو خانووەی خۆمان تێیدا ئەژین، بەڵام بەهەندێك دەستكارییەوە ، ئەو مادانەی لە دروستكردنی كارەكەم بەكاری هێنابوون هەمووی كەل وپەلی زۆر سادەبوون، وەك كارتۆن، كاغەز، رۆژنامە، دار، نایلۆن، پلاستیك، بۆیاغ لەگەڵ هەندی كەل وپەلی تر”.
ئەم قوتابییە بەكورتی باسی سیستەمی پەروەردەو خوێندنی وڵاتی سویسرا كرد و گووتی ” لێرە لە سویسرا دەرنەچوونی قوتابی لە وانەكان بوونی نییە، ئەگەر قوتابییەك لە وانەیەك باش نەبوو لە دوای دەوام مامۆستا یەك كاتژمێر لە گەڵی ئەمێنێتەوەو وانەی پێ دەڵێت، لە قوتابخانەكەمان جگە لە وانەی و خوێندن و نووسین زۆر شتی رۆژانەی ژیان دەخوێنن، بۆ نموونە خوێندن بۆ فێر بوونی چێشت لێنان، كاری دەستی هەر لە قوتابخانە وەرشەییەكی باش هەیە بە هەموو پێداویستییەك ،مۆسیقا ،كۆمپیوتەر، پایسكل سواری، مەلەوانی، خلیسكانێی سەر بەفر، رۆیشتن لە ناو چیا و بەرد، رۆیشتن لە ناو قوڕو بەفر، رۆیشتن لە ناو دارستان، رۆیشتن بە شەو بەبێ روناكی، فێرمان دەكەن چۆن بە هانای كەسێك بچن كە تووشی روداوێك بووە یا لەهۆش خۆی چووە، فێرمان ئەكەن چۆن بەرگری لەخۆمان بكەن لەو كاتەی كەسێك ئەیەوێ دزیمان لێبكا یا شەڕمان پێبفرۆش..لە گەڵ زۆر شتی تری بەسوود”.