“ بە سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی نێوان (توركیا و پەكەكە) سەدان گوندی سەر سنووری باشوور و باكووری كوردستان ئاوەدان دەكرێنەوە “
زاری كرمانجی-سۆران
لەناوچە سنوورییەكانی باكوور و باشووری كوردستان چەندین گوند و كوێستان و ناوچەی سەرەنج ڕاكێش هەن، بەڵام بەهۆی باردۆخی سەربازی و شەڕی چەند ساڵەی نێوان سوپای (توركیا و پەكەكە) دانیشتووانەی دووچاری ئاوارە بوون و قوربانیدان بوونەتەوە، چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت: ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان سەربگرێت دانیشتووانی ئەو گوندانە دەگەڕێنەوەو ئاوەدان دەكرێنەوە.
ئارام فاخر، خەڵكی گوندی ساتێ دانیشتووی شاری سۆران، بەزاری كرمانجی گووت: لە سنووری نێوان باكووری كوردستان و باشووری كوردستان، چەندین كوێستان و ناوچەی سەرەنج ڕاكێش هەن، یەكێك لەوانەش بریتین لە كوێستانەكانی گوندی ساتێ و گوندەكانی دەورووبەری سەربە پارێزگای جۆلەمێرگە لە باكووری كوردستان، ناوچەكە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای هەولێر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، سروشت و دیمەنی ناوازە و ئاو و كانیاوی سارد و فێنكی هەیە، بەمەش ساڵانە لە وەرزی بەهار و هاوین بۆ ئەنجامدانی گەشت و سەیران خەڵكی گوندەكەو دەورووبەری واتە بەشێك لە گووندەكانی دیكەش ڕوو لە كوێستانەكانی ناوچەكە دەكەن و كاتێكی خۆش لەناو دیمەنی ناوازەو سروشتە جوانەكەی بەڕێ دەكەن.
ئاماژەی بەوەشدا: بۆ نموونە پێشووتر چەندان خێزان لە گوندی ساتێ نیشتەجێ بوون، كەچی بەداخەوە ساڵانێكە بەهۆی خراپی ڕەوشی سنوورەكە، بەتایبەتیش شەڕی نێوان سوپای توركیا و چەكدارانی پەكەكە، گوندەكە چۆڵكراوەو خەڵكەكەی ڕوویان لە شارو شارۆچكەكانی دەوروبەر بەشێكی زۆریشیان هاتوونەتە شارەكانی هەرێمی كوردستان و تیادا نیشتەجێ بوونە، هیوادارین ڕەوشی ناوچەكە ئارام ببێتەوەو خەڵكەكەی بە ئازادی بگەڕێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان.
محیەدین رەسول، چاودێری سیاسی بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی سوپای توركیاو پارتی كرێكارانی كوردستان و خراپی ڕەوشی گوندە سەر سنوورییەكانی باشوور و باكوری كوردستان، بە سەدان گوندی ناوچەكە دووچاری وێرانكاری بوونەتەوەو خەڵكەكەی ئاوارە و دەربەدەر بوونە، لەگەڵ ئەوەشدا بە هەزاران كەس بوونەتە قوربانی و شەهید و بریندار بوونە، تەنانەت ئەو گوندانەش كە ئاوەدانیان تیادا بووە بەهۆی بۆردومان و تۆپباران كردنی سنوورەكەكانیان مەترسی زۆری لەسەر دانیشتووانەكەی هەبووە، لەلایەكی دیكەوە ئەو كەسانەی بۆ مەبەستی ئاژەڵداری و كاری كشتووكاڵی ڕوویان لە گوند و كوێستانە سەر سنوورەكان دەكەن، ساڵانە قوربانی دەدەن، كارەساتە گەورەكە ئەوەیە ئەو خەڵكە لەسەر خاك و نیشتیمانی خۆیان دووچاری قوربانیدان و ماڵوێرانی ببنەوە.
دەشڵێت: “هەمیشە جەنگی سەپێندراو ماڵوێرانییە بۆ مرۆڤایەتی، بۆیە خوازیارین پرۆسەی ئاشتی لە توركیا سەر بگرێت و لە بری چەك هەڵگرتن پەكەكە ڕێگەی دیبلۆماسی و ئاشتیانە بگرێتەبەر، چونكە دەیان ساڵە لە خەباتی چەكداری جگەلە ماڵوێرانی و قوربانیدانی خەڵكی سڤیل و دانیشتووانی شارۆچكە و گوندە سەر سنوورییەكان هیچ بەرهەمێكی دیكەمان لێی نەبینی، ئەمجارە كاتی ئەوەیە خەباتیان بگوازنەوە بۆ باكووری كوردستان و بە شێوەیەكی ئاشتیانە داوای مافە ڕەواكانیان بكەن.
لای خۆیەوە ناسیح خالید ئابووریناس بۆ زاری كرمانجی ئاماژەی بەوەدا: “ئەگەر ناوچە سنوورییەكان ئارامی بەخۆیانەوە ببینن و شەڕو ئاژاوەكان كۆتاییان پێبهێنرێت، بە دڵنیاییەوە سەدان گوندی باشوور و باكووری كوردستان ئاوەدان دەكرێنەوەو خەڵكەكەی بەبێ ترس دەگەڕَێنەوە، ئەوەش لە چەندین ڕووەوە كاریگەری ئەرێنی بەدوای خۆیەوە دەهێنێت، بەتایبەتیش لە ڕووی بەهەمهێنانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری و بوژانەوەی ئابووری ئەو ناوچانە، هەروەها كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر شارو شارۆچكەكان و چەندین هۆكاری دیكەی گرنگ.
ئەوەش دەخاتەڕوو: “لەگەڵ ئەوەشدا بە ئارام بوونەوەی ڕەووشی ناوچە سنوورییەكان، دەتوانرێت گەشە بە جمووجۆڵی ئابووری بدرێت، چونكە باشووری كوردستان هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی توركیا و ئێران، بەمەش ڕێكارەكان ئاسانتر دەبن بۆ كردنەوەی دەروازەیەكی سنووری لە سنووری كێلەشین لەگەڵ ئێران، هەروەها دەروازەی زێت گەشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و هەلی كاریش بۆ سەدان و هەزاران گەنجی ئەو دەڤەرانە دەڕەخسێت.


































































